نەغەدە؛ دەسبەسەرکرانی لاوێکی کورد لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە

16:14 - 15 پووشپەڕ 2723

ڕۆژی سێشەممە، ١٣ی پووشپەڕ، لاوێکی کورد بە ناوی "فەرید چێودار"، کوڕی یووسف و خەڵکی گوندێ "گۆڵێ" سەر بە شاری نەغەدە، لەلایەن هیزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرا و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزرا.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگاداری کوردپا، هێزە ئەمنییەتییەکان بە بێ بەڵگەی یاسایی هێرشیان کردووەتە سەر ماڵی باوکی ئەم هاووڵاتییە لە گوندی "گۆڵێ"دا و ناوبراویان دەسبەسەر کردووە.

تاکوو ئێستا بەدواداچوونی بنەماڵەی ئەم لاوە کوردە بە مەبەستی ئاگاداربوون لە چارەنووسی ناوبراو بێ ئاکام ماوەتەوە.

هەتا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە، لە هۆکاری دەسبەسەرکران و تۆمەتە وەپاڵدراوەکان دژی ئەم هاووڵاتییە زانیارییەک دەست نەکەوتووە.