حەسەن ئەمینی برای محەممەد ئەمینی، لە گیانلەدەستداوانی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی بە زیندان و لێدانی قامچی مەحکووم کرا

16:11 - 15 پووشپەڕ 2723

حەسەن ئەمینی، برای محەممەد ئەمینی، لە گیانلەدەستداوانی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی لەلایەن لقی ١٠١ی دادگای کەیفەری ٢ی بۆکانەوە بە ٦ مانگ و نیو زیندان و لێدانی ٤٠ قامچی مەحکووم کرا.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، حەسەن ئەمینی لەلایەن دادگاوە بە "تێکدانی نەزمی گشتی" تۆمەتبار کراوە و ئەم حوکمە ڕۆژی چوارشەممە، ١٤ی پووشپەڕ بە ناوبراو ڕاگەیەندراوە.

شەوی هەینی، ١٩ی جۆزەردانی ١٤٠٢، حەسەن ئەمینی لەگەڵ بنەماڵەی گیانلەدەستداوانی سنە، دێولان و دیواندەرە، پاش تەوابوونی ڕێوڕەسمی سەر مەزاری گیانلەدەستداوانی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی لە گۆڕستانی ئایچیی سەقز، و گۆڕستانی بۆکان، لە چوونەژوورەوەی شاری سەقز، لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرابوو.

ناوبراو لە ماوەی دەسبەسەرکرانیدا لە دەسپێڕاگەیشتن بە پارێزەر بێبەری کرابوو و ڕۆژی ٢٦ی جۆزەردان بە دانانی بارمتەی ١٠٠ میلیۆن تمەنی و بە شێوەی کاتی لە زیندانی بۆکان ئازاد کرابوو.

١٦ی ڕەزبەری ١٤٠١، محەممەد ئەمینی، کوڕی گوڵمحەممەد و خەڵکی گەڕەکی "تەقتەقان" لە سنە، لە ڕەوتی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادیدا و بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە سەرکوتکەرەکان گیانی لەدەست دا.