سەقز؛ پشکنینی ماڵی هاووڵاتییەکی دەسبەسەرکراو لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە

13:30 - 15 پووشپەڕ 2723

دوانیوەڕۆی ڕۆژی چوارشەممە، ١٤ی پووشپەڕ، هێزە ئەمنییەتییەکان بە بێ بەڵگەی یاسایی هێرشیان کردووەتە سەر ماڵی هاووڵاتییەکی دەسبەسەرکراو بە ناوی "هێمن حوسێنی"، خەڵکی سەقز و دەستیان بە پشکنینی ماڵەکەی کردووە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، هێزە ئەمنییەتییەکان وێڕای پشکنینی ماڵی ئەم هاووڵاتییە، مۆبایلی ئەندامانی بنەماڵەکەشیان پشکنیوە.

سەرلەبەیانیی ڕۆژی دووشەممە، ٥ی پووشپەڕ، هێمن حوسێنی بە بێ بەڵگەی یاسایی لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرا و بە مەبەستی لێپرسینەوە بۆ گرتنگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە ڕاگوێزرا.

ئەم هاووڵاتییە تاکوو ئێستا لە دەسپێڕاگەیشتن بە پارێزەر و چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی بێبەری بووە.

تاکوو ئێستا لە هۆکاری دەسبەسەرکران و تۆمەتە وەپاڵدراوەکان دژی هێمن حوسێنی زانیارییەک لەبەر دەستدا نییە.