زیندانی ورمێ؛ پێشگرتن لە مورەخەسی‌وەرگرتنی زیندانییەکی سیاسیی کورد لەلایەن دادستان و ئیدارەی ئیتلاعاتی پیرانشارەوە

13:33 - 10 پووشپەڕ 2723

زیندانییەکی سیاسیی کورد بە ناوی "لوقمان قادری"، کوڕی عەزیز، خەڵکی پەسوێ و دانیشتووی پیرانشار کە لە زیندانی ورمێدایە، بە هۆی دژایەتیی دادستان و ئیدارەی ئیتلاعاتی پیرانشار لە مافی وەرگرتنی مورەخەسی، بێبەری کراوە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگاداری کوردپا، دادستان و ئیدارەی ئیتلاعاتی پیرانشار، هەرجۆرە ئاسانکاری و مورەخەسییەک بۆ ئەم زیندانییە سیاسییەیان بە هاوکاریکردن لەگەڵ ناوەندە ئەمنییەتییەکان مەرجدار کردووە.

ئەم زیندانییە سیاسییە لە نامەیەکدا کە بەدەستی کوردپا گەیشتووە، داوا لە ڕێکخراوە مافی مرۆییەکان دەکات کە بەدواداچوون بۆ دۆخی زیندانیان بکەن و ناوەندە ئەمنییەتی و دادوەرییەکان لەمبارەوە ناچار بە وڵامدانەوە بکەن.

ئەم زیندانییە سیاسییە، لەلایەن لقی ١٠٢ی دادگای کەیفەری ٣ی پیرانشارەوە بە تۆمەتی "ئەندامەتی لە یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزسیۆنی حکوومەتی ئێران"، بە دوو ساڵ و ٧ مانگ و ١٦ ڕۆژ زیندانی تەعزیری مەحکووم کراوە و ئەم حوکمە ڕۆژی یەکشەممە، ٦ی خەرمانانی ١٤٠١، لە زیندانی ناوەندیی ورمێ بە ناوبراو ڕاگەیەندراوە.

ئەم هاووڵاتییە، پووشپەڕی ١٤٠١، پاش کۆتاییهاتنی ماوەی لێپرسینەوەکەی، لە یەکێک لە گرتنگە ئەمنیەتییەکانی ورمێوە بۆ زیندانی ناوەندیی ئەم شارە ڕاگوێزرابوو.

ئەم هاووڵاتییە کوردە، لە ماوەی دەسبەسەرکرانیدا، لە دەسپێڕاگەیشتن بە پارێزەر و چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی بێبەری بووە.

ڕۆژی پێنجشەممە، ٢٩ی ڕەزبەری ١٤٠٠، هێزە ئەمنییەتییەکان بە بێ بەڵگەی یاسایی، لە ڕێگای پیرانشار_پەسوێ "لوقمان قادری"یان دەسبەسەر کردبوو.