سنە؛ موختار مینبەری بە دانانی بارمتە ئازاد کرا

15:31 - 13 پووشپەڕ 2723

ڕۆژی سێشەممە، ١٣ی پووشپەڕ، موختار مینبەری، هاووڵاتیی خەڵکی گوندی "نییەر"، سەر بە شاری سنە، بە دانانی بارمتەی ٥٠٠ میلیۆن تمەنی و بە شێوەی کاتی لە زیندانی ئەم شارە ئازاد کرا.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگاداری کوردپا، ئەم هاووڵاتییە، سەرلەبەیانیی ڕۆژی ١٣ی پووشپەڕ، پاش کۆتاییهاتنی قۆناغەکانی لێپرسینەوە، لە گرتنگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنەوە بۆ زیندانی ئەم شارە ڕاگوێزراوە.

ئەم سەرچاوە ئاگادارە وتی: موختار مینبەری، لە ماوەی دەسبەسەرکرانیدا، لە دەسپێڕاگەیشتن بە پارێزەر و چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی بێبەری بووە.

ڕۆژی دووشەممە، ٨ی جۆزەردان، موختار مینبەری، کوڕی سابر، بە بێ بەڵگەی یاسایی لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرابوو.

تاکوو ئێستا لە هۆکاری دەسبەسەرکران و تۆمەتە وەپاڵدراوەکان دژی ناوبراو، زانیارییەک لەبەر دەستدا نییە.