هاشم ساعدی، باوکی سارینا ساعدی بە زیندان و لێدانی قامچی مەحکووم کرا

11:43 - 13 پووشپەڕ 2723

هاشم ساعدی، باوکی سارینا ساعدی لە گیانلەدەستداوانی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی، لەلایەن لقی ١٠١ی دادگای کەیفەری ٢ی بۆکانەوە بە ٦ مانگ و نیو زیندان و لێدانی ٤٠ قامچی مەحکووم کرا.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، هاشم ساعدی لەلایەن دادگاوە بە "تێکدانی نەزمی گشتی" تۆمەتبار کراوە و ئەم حوکمە ڕۆژی دووشەممە، ١٢ی پووشپەڕ بە ناوبراو ڕاگەیەندراوە.

ڕۆژی سێشەممە، ٣٠ی جۆزەردان، ئەم هاووڵاتییە بە دانانی بارمتەی ١٠٠ میلیۆن تمەنی بە شێوەی کاتی لە زیندانی بۆکان ئازاد کرا.

هاشم ساعدی، لە ماوەی دەسبەسەرکرانیدا لە دەسپێڕاگەیشتن بە پارێزەر و چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی بێبەری بووە.

شەوی هەینی، ١٩ی جۆزەردانی ١٤٠٢، هاشم ساعدی لەگەڵ بنەماڵەی گیانلەدەستداوانی سنە، دێولان و دیواندەرە، پاش تەوابوونی ڕێوڕەسمی سەر مەزاری گیانلەدەستداوانی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی لە گۆڕستانی ئایچیی سەقز، و گۆڕستانی بۆکان، لە چوونەژوورەوەی شاری سەقز، لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرابوو.

٥ی خەزەڵوەری ١٤٠١، سارینا ساعدی، تەمەن ١٦ ساڵ، کچی هاشم، کە لە ڕەوتی ناڕەزایەتییەکانی ٤ی خەزەڵوەردا بە هۆی لێدانی هێزە سەرکوتکەرەکان بە باتوم لەسەری، تووشی خوێنبەربوونی مێشک ببوو، پاش ڕۆژێک مانەوە لە نەخۆشخانە گیانی لەدەست دا.