دادسەرای ئێڤین بە نازیلا مەعرووفیان: "لە دەرەوە بوونت مەترسیدارە"/ پێشگرتن لە دانانی بارمتە و بێبەریکردن لە چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵە بە هۆی ڕەچاونەکردنی حیجابی زۆرەملێی حکوومەتی

00:12 - 10 گەلاوێژ 2723

نازیلا مەعرووفیان، ڕۆژنامەوانی کوردی خەڵکی سەقز و دانیشتووی تاران، بە هۆی ڕەچاونەکردنی حیجابی زۆرەملێی حکوومەت، لە مافی چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵە و پێوەندی لەگەڵیان بێبەری کراوە و داواکاریی دانانی بارمتەکەشی لە دادسەرای ئێڤین، ڕەت کراوەتەوە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگاداری کوردپا، ڕۆژی یەکشەممە، ٨ی گەلاوێژ، بنەماڵەی مەعرووفیان، بە مەبەستی چاوپێکەوتن لەگەڵ کچەکەیان چوونەتە زیندانی ئێڤین، بەڵام بە هۆی ئەوەی کە نازیلا مەعرووفیان ئامادە نەبووە بە حیجابی زۆرەملێی حکوومەتەوە دیدار لەگەڵ بنەماڵەکەی بکا، لە مافی چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی و پێوەندیگرتن لەگەڵیان بێبەری کراوە.

ئەم سەرچاوە ئاگادارە سەبارەت بە هەوڵەکانی نازیلا بۆ ڕۆیشتن بۆ دادسەرای ئێڤین، بە بێ حیجاب، بە کوردپای وت: لە ماوەی حەفتەی ڕابردوودا، ئەم ڕۆژنامەوانە لە کاتی ڕاگوێزرانی بۆ دادسەرای ئێڤین، بە هۆی ڕەچاونەکردنی حیجابی حکوومەتی، "ئازاری فیزیکی"، دراوە.

سەرچاوەی ئاگاداری کوردپا سەبارەت بە  پێشگرتن لە دانانی بارمتە بۆ ئەم ڕۆژنامەوانە وتی: دادسەرای ئێڤین بۆ ئازادیی کاتیی نازیلا مەعرووفیان، سەرەتا بارمتەی ٣٠٠ میلیۆن تمەنیی دیاری کردووە و دواتریش بۆ یەک میلیارد تمەنی گۆڕیوە و سەرەڕای دابینکردنیشی لەلایەن بنەماڵەی نازیلاوە، دادسەرا داواکاریی ناوبراو بۆ ئازادیی کاتیی ڕەت کردووەتەوە و پێیان ڕاگەیاندووە کە بە هیچ شێوەیەک بە بارمتە ناچیتە دەرەوە، چونکە "لە دەرەوە بوونت مەترسیدارە".

ئەم سەرچاوە ئاگادارە جەختی کردەوە؛ بنەماڵەی نازیلا مەعرووفیان بە مەبەستی بەدواداچوون بۆ دۆخی کچەکەیان، لە ماوەی ١٤ ڕۆژی ڕابردوودا بە بەردەوامی سەردانی دادسەرای ئێڤینیان کردووە، بەڵام نە تەنیا وڵامێکیان وەرنەگرتووە بەڵکوو ئیزنی دانیشتن لە سالۆنی دادسەراشیان پێ نەدراوە.

ڕۆژی شەممە، ١٧ی پووشپەڕ، نازیلا مەعرووفیان، بۆ جاری دووهەم پاش دەسپێکردنی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی و پاش بانگهێشتکران بۆ دادسەرای ئێڤین دەسبەسەر کرا و دواتریش لە گرتنگەی وەزارەتی ئیتلاعات ناسراو بە بەندی ٢٠٩ی زیندانی ئێڤینەوە بۆ بەندی ژنانی ئەم زیندانە ڕاگوێزرا.

ڕۆژی سێشەممە، ١٣ی پووشپەڕ، هێزەکانی وەزارەتی ئیتلاعات، هێرشیان کردە سەر ماڵی ئەم ڕۆژنامەوانە و لەپتاب، مۆبایلی ناوبراو و ئامێرێکی هەڵگرتنی دەنگیان لەگەڵ خۆیان برد و پێیان ڕاگەیاند کە دەبێ ڕۆژی شەممە، ١٧ی پووشپەڕ، لە دادسەرای ئێڤیندا ئامادە بێت.

ڕۆژی دووشەممە، ٢٢ی جۆزەردانی ١٤٠٢، ئەم ڕۆژنامەوانە، هەڵسوکەوتی هێزەکانی یگانی تایبەت و جنێودانی ڕەگەزیی ئەوانی بەرانبەر بە خۆی کە بە بێ سەرپۆش لە تئاتری شاردا بەشدار بوو، بە فەرمی بۆ خەڵک گێڕایەوە.

ناوبراو ڕۆژی ٣٠ی جۆزەردان، لە چوارڕێیانی وەلیعەسری تاران، لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە کەوتبووە بەر لێدان و توندوتیژی.

ڕێبەندانی ١٤٠١، ئەم ڕۆژنامەوانە لەلایەن لقی ٢٦ی دادگای ئینقلابی تارانەوە بە سەرۆکایەتیی دادوەر "ئەفشاری"، بە تۆمەتی "چالاکیی پڕوپاگەندەیی دژی نیزام" و "بڵاوکردنەوەی درۆ بە مەبەستی تێکدانی بیروڕای گشتی لە ڕێگەی وتووێژ لەگەڵ باوکی ژینا_مەهسا ئەمینی"، بە دوو ساڵ زیندانی تەعزیری، ١٥ میلیۆن تمەن سزای نەختی و ٥ ساڵ قەدەغەبوونی چوونەدەرەوە لە وڵات مەحکووم کرابوو و حوکمی ٢ ساڵ زیندانەکەی بۆ ماوەی ٥ ساڵ چووە حاڵەتی هەڵپەساردنەوە.

ڕۆژی دووشەممە، ١٩ی بەفرانباری ١٤٠١، نازیلا مەعرووفیان بە دانانی بارمتەی ٦٠٠ میلیۆن تمەنی بە شێوەی کاتی هەتا کۆتاییهاتنی قۆناغەکانی دادڕەسی ئازاد کرا.

ئەم ڕۆژنامەوانە کوردەی خەڵكی سەقز، ڕۆژی یەکشەممە، ٨ی خەزەڵوەی ١٤٠١، بە هۆی وتووێژ لەگەڵ ئەمجەد ئەمینی، باوکی ژینا-مەهسا ئەمینی لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرابوو.