پیرانشار؛ سادق مەحموودنژاد، کە چاوی بریندار ببوو، دەسبەسەر کرا

20:06 - 12 پووشپەڕ 2723

بەرەبەیانی دووشەممە، ١٢ی پووشپەڕ، سادق مەحموودنژاد، خۆپیشاندەری خەڵکی پیرانشار کە لە بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادیدا چاوی بریندار ببوو، لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرا.

بەە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، هێزە ئەمنییەتییەکان بە بێ بەڵگەی یاسایی هێرشیان کردووەتە سەر ماڵی ئەم خۆپیشاندەرە و دەسبەسەریان کردووە.

سادق مەحموودنژاد، کاتژمێر ٢٣ی شەوی ٣٠ی خەرمانانی ١٤٠١، لە ڕەوتی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی لە گۆڕەپانی "مامۆستا هەژار"ی پیرانشار، بە تەقەی هێزە سەرکوتکەرەکان چاوی بەتوندی بریندار بوو.

ئەم خۆپیشاندەرە بە هۆی بەرکەوتنی فیشەکی ساچمەیی، بەتوندی بریندار بوو و تۆڕی چاوی چەپی پچڕاوە و هێزی بیناییشی ٢٠ لەسەدە.

سادق مەحموودنژاد، چەنددین جار لە نەخۆشخانەی خومەینیی ورمێ، فارابیی تاران و ئیمام سەجادی ڕامسەر، نەشتەرگەریی بۆ کراوە.

سادق مەحمووودنژاد، تەمەنی ٢٣ ساڵە، خەڵکی گوندی "جەڕان"ی پیرانشار، خێزاندارە و منداڵێکی هەیە.