هەڵوەشانەوەی مۆڵەتی دامەزراندن و داخرانی هەتاهەتایی قوتابخانە و باخچەی ساوایانی کچانەی وەرزشیی ئارتینا لە سنە بە هۆی پاڵپشتی لە بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی

22:16 - 6 گەلاوێژ 2723

ناوەندی قوتابخانەکان و ناوەندە ناحکوومییەکان و گەشەی بەشدارییە خەڵکییەکانی وەزارەتی پەروەردە و بارهێنان، حوکمی هەڵوەشاندنەوەی مۆڵەتی دامەزراندن و داخرانی هەتاهەتایی قوتابخانە و باخچەی ساوایانی ناحکوومیی کچانەی وەرزشیی ئارتینا، لە شاری سنەی پشتڕاست کردەوە.

ئەم ڕێکخراوە بە پشتبەستن بە بەندی(ج)ی ماددەی ٣٥ی یاسای دامەزراندن و بەڕێوەبردنی قوتابخانە و ناوەندە پەروەردەییە ناحکوومییەکان، حوکمی دەرکراوی پشتڕاست کردەوە و جەختی لەسەر بەڕێوەبردنی حوکمەکە کرد.

ڕۆژی ١٣ی ڕەشەمەی ١٤٠١، شۆرای چاوەدێری بەسەر قوتابخانە و ناوەندە ناحکوومییەکانی پارێزگای سنە، لە ١٠٣‌ـەمین کۆبوونەوەی خۆیدا، بە هۆی بڵاوکردنەوەی بابەتێک لە لاپەڕەی ئینستاگرامیی قوتابخانە و باخچەی ساوایانی ناحکوومیی کچانەی وەرزشیی ئارتینا، لە پشتیوانی لە بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازدیدا، مۆڵەتی ئەم قوتابخانەیەی هەڵوەشاندەوە و حوکمی داخرانی هەتاهەتایی بۆ دەر کرد.

سپیدە سەفاریان، دامەزرێنەری قوتابخانە و باخچەی ساوایانی ناحکوومیی کچانەی وەرزشیی ئارتینا لە سنە، لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا، بە بڵاوکردنەوەی پۆستێک لە ئینستاگرامی ئەم قوتابخانەیەدا، باسی لە داخرانی هەتاهەتایی ئەم قوتابخانەیە کردبوو.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، شۆرای چاوەدێری بەسەر قوتابخانە و ناوەندە ناحکوومییەکانی پارێزگای سنە، لەژێر گوشارەکانی حەراسەتی پەروەردە و بارهێنانی ئەم پارێزگایە، ئەم حوکمەی دەر کردووە.

 ڕەزبەری ١٤٠١، بڵاوکردنەوەی ستۆری و پۆست بۆ پشتیوانی لە بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی لە هەژماری ئینستاگرامی ئەم قوتابخانەیە، بانگهێشتی بەرپرسی ئەم قوتابخانەیە بۆ حەراسەتی بە دواوە بوو.