سنە؛ بورهان سەعیدی، چالاکی کرێکاری بە دوو ساڵ زیندان مەحکووم کرا

01:33 - 4 گەلاوێژ 2723

بورهان سەعیدی، چالاکی کرێکاریی خەڵکی سنە، لەلایەن لقی یەکی دادگای ئینقلابی ئەم شارە، بە سەرۆکایەتیی دادوەر "سەعیدی"، بە دوو ساڵ زیندانی تەعزیری مەحکووم کراوە کە ئەم حوکمە بۆ ماوەی ٤ ساڵ هەڵپەسێردراوە.

دادگا، ئەم چالاکە کرێکارییەی بە "کۆبوونەوە و تەبانی دژی تەناهیی نەتەوەیی" تۆمەتبار کردووە و حوکمی دەرکراو ڕۆژی دووشەممە، ٢ی گەلاوێژ بە ناوبراو ڕاگەیەندراوە.

ئاخرین کۆبوونەوەی دادگایی بورهان سەعیدی، ڕۆژی شەممە، ٣١ی پووشپەڕ لە لقی یەکی دادگای ئینقلابی سنە بەڕێوە چووبوو.

ڕۆژی شەممە، ٢٧ی جۆزەردان، ئەم چالاکە کرێکارییە بە دانانی بارمتەی ٥٠٠ میلیۆن تمەنی بە شێوەی کاتی لە زیندانی سنە ئازاد کرا.

 بورهان سەعیدی لە ماوەی دەسبەسەرکرانیدا لە دەسپێڕاگەیشتن بە پارێزەر بێبەری بووە.

ڕۆژی پێنجشەممە، ٢٨ی بانەمەڕ، ئەم چالاکە کرێکارییە پاش بانگهێشتکران بۆ ئیتلاعاتی سنە، دەسبەسەر کرابوو.