مەهاباد؛ ئومید مەزڵووم، لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرا

16:08 - 3 گەلاوێژ 2723

سەرلەبەیانیی ڕۆژی سێشەممە، ٣ی گەڵاوێژ، ئومید مەزڵووم، برای موحسن مەزڵووم، زیندانیی سیاسیی کوردی خەڵکی مەهاباد، لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرا و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزرا.

جوانا تەیمەسی، هاوسەری موحسن مەزڵووم، بە بڵاوکردنەوەی ئەم هەواڵە ڕایگەیاند: کە ئومید موزڵووم لە ماڵەکەی خۆیدا لە گوندی "وتمیش"ی مەهاباد دەسبەسەر کراوە.

چوار زیندانیی سیاسیی کورد بە ناوەکانی موحسن مەزڵووم، خەڵکی مەهاباد، هەژیر(محەممەد) فەرامەرزی، خەڵکی دێولان سەر بە شاری سنە، وەفا ئازەربار خەڵکی بۆکان و پژمان فاتحی خەڵکی کامێران، ڕۆژی یەکی گەلاوێژی ١٤٠١، لەلایەن هێزە ئەمییەتییەکانەوە لە گوندی "یەنگیجە"، سەر بە ناوچەی سۆمای ورمێ، دەسبەسەر کران و سەرەڕای تێپەڕبوونی ساڵێک بەسەر دەسبەسەرکرانیاندا، بنەماڵەکانیان هیچ زانیارییەکیان لەمەڕ چارەنووسیان نییە.

کۆماری ئیسلامی، دوو جار لە مانگەکانی ڕەزبەر و سەرماوەزی ١٤٠١دا، دانپێدانانی زۆرەملێی ئەم زیندانییە سیاسییانەی بڵاو کردەوە کە ئەمە نیگەرانیی بنەماڵەکانیانی بە دواوە بوو.

بنەماڵەی ئەم زیندانییە سیاسییانە نیگەرانن لەوەی کە کۆماری ئیسلامی بەم کارە و بە درووستکردنی سێناریۆ و دۆسییەسازیی ئەمنییەتی، حوکمی لەسێدارەدران بۆ ئەم زیندانییانە دەر بکا و دواتریش جێبەجێ بکا.

لە فیلمی دانپێدانانە زۆرەملێیەکەدا، کۆماری ئیسلامی ئیدعای کردووە کە ئەوان "ئامانجیان ئەوە بووە تەقەینەوەیەک لە یەکێک لە کارخانەکانی دروستکردنی فڕۆکە لە ئێسفەهاندا بکەن." بەڵام کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران، بەتوندی ئەم ئیدعای و تۆمەتەی کۆماری ئیسلامیی سەبارەت بە ئەندامەکانی خۆت ڕەت کردووەتەوە.

ئەم چوار زیندانییە سیاسییە دەسبەسەرکراوە، لە ماوەی ئەم یەک ساڵەدا، لە دەسپێڕاگەیشتن بە پارێزەر، پێوەندی  و چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکانیان بێبەری کراون و تاکوو ئێستا هیچکەس لە ئەندامانی بنەماڵەکانیان، سەبارەت بە شوێنێ ڕاگیرانیان زانیارییەکیان لەبەر دەستدا نییە.