چوار ‌هاووڵاتیی کورد لە گرتنگەی ناوەندیی ئیلام، مانیان لە خواردن گرت

16:02 - 3 گەلاوێژ 2723

لە ڕۆژی یەکشەممە، یەکی گەلاوێژەوە، چوار هاووڵاتیی کورد بە ناوەکانی "نەوید محەممەدنژاد"، "مێهرداد قەیسەربەیگی"، "ئەیووب گراوەند" و "یوونس گراوەند"، خەڵکی گوندی سەراوڵە، بە نیشانەی ناڕەزایەتیدەربڕین بە درێژبوونەوەی ماوەی دەسبەسەرکرانیان و پێڕانەگەیشتن بە دۆسییەکەیان لەلایەن دادستانی سەراوڵەوە، لە گرتنگەی ناوەندیی ئیلام، مانیان لە خواردن گرتووە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەم چوار هاووڵاتییە، پاش یەک حەفتە لە دەسبەسەرکران، لە گرتنگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ئیلامەوە بۆ گرتنگەی ناوەندیی ئەم شارە ڕاگوێزراون و هەروا چارەنووسیان ناڕوونە.

ئەم سەرچاوە ئاگادارە وتی: بنەماڵەی ئەم چوار هاووڵاتییە، بەمەبەستی ڕوونبوونەوەی دۆسییەکانیان سەردانی دادگوستەری سەراوڵەیان کردووە، بەڵام دادستان لە دەسپێڕاگەیشتن بە دۆسییەکەیان خۆی بواردووە.

ئەم چوار هاووڵاتییە، ڕۆژی یەکشەممە، ٢١ی جۆزەردان، بە بێ بەڵگەی یاسایی، لەلایەن هیزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر و بە مەبەستی لێپرسینەوە ڕەوانەی گرتنگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ئیلام کرابوون.

ئەم هاووڵاتییانە لە گرتنگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ئیلامدا، بە مەبەستی وەرگرتنی دانپێدانانی زۆرەملێ، ئەشکنجەی ڕۆحی و جەستەیی درابوون.