پیرانشار؛ هاووڵاتییەک بە هۆی تەقینەوەی مین بەتوندی بریندار بوو

15:59 - 3 گەلاوێژ 2723

ڕۆژی دووشەممە، ٢ی گەلاوێژ، هاووڵاتییەکی کورد بە ناوی "سەید کەیوان سەیدپووری"، کوڕی سەیدئەحمەد، خەڵکی گوندی "قڕووچاوێ"ی پیرانشار، بە هۆی تەقینەوەی مین بەتوندی بریندار بووە و دۆخی گشتیی ناوبراو، ناجێگیر ڕاگەیەندراوە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەم هاووڵاتییە لە کاتی لەوەڕاندنی مەڕوماڵاتدا لە نزیک پایەگایەکی چۆڵی گوندی "قڕووچاوێ"، تووشی ئەم ڕووداوە بووە.

ئەم سەرچاوە ئاگادارە ڕایگەیاند: ئەم هاووڵاتییە کوردە لەم ڕووداوەدا مەچەکی دەستی لێ بووەتەوە و چاوەکانیشی خەساریان بەر کەوتووە.

ئەم سەرچاوە ئاگادارە ڕایگەیاند: سەید کەیوان سەیدپووری، سەرەتا بە مەبەستی وەرگرتنی چارەسەری پزیشکی ڕەوانەی نەخۆشخانەی پیرانشار کراوە و دواتر بە هۆی توندیی برینەکانییەوە بۆ نەخۆشخانەیەکی ورمێ ڕاگوێزراوە.

ئەم هاووڵاتییە، تەمەنی ٣٠ ساڵە، خێزاندارە و منداڵێکی هەیە.