سەقز؛ ئەیووب جەوانپوور، چالاکی مەدەنی بە ١٥ ساڵ زیندان مەحکووم کرا

11:01 - 2 گەلاوێژ 2723

ئەیووب جەوانپوور، چالاکی مەدەنیی خەڵکی سەقز، لەلایەن لقی یەکی دادگای ئینقلابی ئەم شارە، بە سەرۆکایەتیی دادوەر "کەیوان جەهانی"، بە ١٥ ساڵ زیندانی تەعزیری مەحکووم کرا.

بەپێی ئەم حوکمە کە ڕۆژی شەممە، ٣١ی پووشپەڕ دەرکراوە، ئەم چالاکە مەدەنییە بە تۆمەتەکانی "پڕوپاگەندە دژی نیزام"، بە یەک ساڵ زیندانی تەعزیری، "بەڕێوەبەرایەتیی دوو کەس لە نێوخۆی وڵات بە مەبەستی تێکدانی تەناهیی وڵات"، بە ١٠ ساڵ زیندانی تەعزیری، "بێڕێزی بە دامەزرێنەری کۆماری ئیسلامیی ئێران"، بە دوو ساڵ زیندانی تەعزیری و "بێڕێزی بە ڕێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران"، بە دوو ساڵ زیندانی تەعزیری مەحکووم کراوە.

لە دادنامەی دەرکراو دژی ئەم چالاکە مەدەنییەدا کە دەستی کوردپا کەوتووە، هاتووە: بە ڕەچاوکردنی ماددەی ١٣٤ی یاسای سزای ئیسلامی و ماددەی ١٢ی یاسای کەمکردنەوەی سزا تەعزیرییەکان و لەبەرچاوگرتنی ڕێژەی سزاکان، تەنیا زۆرترین سزا جێبەجێ دەکرێ و ئەگەر زۆرترین سزا بە یەکێک لە هۆکارە یاساییەکان کەم بکرێتەوە یان بگۆڕدرێ، یا بە هۆکارێک وەکوو هەڵوەشانەوەی سزای یاسایی یا تێپەڕبوونی کات ئیتر جێبەجێ نەکرێ، بە ڕیز، زۆرترین سزا جێبەجێ دەکرێ و لەم حاڵەتەدا ڕێژەی سزای جێبەجێکراوی پێشوو لە جێبەجێکردنی زۆرترین سزای دواتردا هەژمار دەکرێ.

حوکمی دەرکراو، دژی ئەم چالاکە مەدەنییە بە بوونی خۆی بووە و لە ماوەی ٢٠ ڕۆژدا پاش ڕێکەوتی ڕاگەیاندنەکەی، لە ناوەندەکانی پێداچوونەوەی پارێزگای سنەدا، دەکرێ پێداچوونەوەی پێدا بکرێ.
ڕۆژی شەممە، ٢٠ی جۆزەردان، هێزە ئەمنییەتییەکان بە بێ بەڵگەی یاسایی و بە توندوتیژی، ئەم چالاکە مەدەنییەیان دەسبەسەر کردبوو و بە مەبەستی لێپرسینەوە بۆ گرتنگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە ڕایانگواستبوو.

ئەیووب جەوانپوور، پاش کۆتاییهاتنی قۆناغەکانی لێپرسینەوە بۆ زیندانی سەقز ڕاگوێزراوە.