سنە؛ محەممەدعوبەید حەقیقیان بە سێ مانگ زیندانی تەعزیری مەحکووم کرا

23:03 - 29 پووشپەڕ 2723

محەممەدعوبەید حەقیقیان، کارمەندی پێشووی دادگوستەریی سنە، بە تۆمەتی "پڕوپاگەندە دژی نیزام"، لەلایەن لقی یەکی دادگای ئینقلابی ئەم شارەوە بە سەرۆکایەتیی دادوەر "سەعیدی"، بە سێ مانگ زیندانی تەعزیری بە هەژمارکردنی ڕۆژانی دەسبەسەرکرانی پێشوو مەحکووم کراوە کە ئەم حوکمە بۆ ٤ میلیۆن تمەن سزای نەختی گۆڕدراوە.

ڕۆژی شەممە، ٦ی ڕەشەمەی ١٤٠١، محەممەدعوبەید حەقیقیان بە دانانی بارمتەی ٥٠٠ میلیۆن تمەنی بە شێوەی کاتی تا کۆتاییهاتنی قۆناغەکانی دادڕەسی لە زیندانی ناوەندیی سنە ئازاد کرا.

ئەم هاووڵاتییە، لە ماوەی دەسبەسەرکرانیدا لە دەسپێڕاگەیشتن بە پارێزەر و چاوپێکەوتن لەگەل بنەماڵەکەی بێبەری بووە و پاش کۆتاییهاتنی قۆناغەکانی لێپرسینەوە لە گرتنگەیەکی ئەمنییەتییەوە بۆ زیندانی سنە ڕاگوێزرابوو.

ڕۆژی یەکشەممە، ١٦ی ڕێبەندانی ١٤٠١، محەممەدعوبەید حەقیقیان بە بێ بەڵگەی یاسایی لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکان دەسبەسەر کرابوو.