سنە؛ حەبیبوڵڵا کەریمی بە سێ مانگ زیندانی تەعزیری مەحکووم کرا

22:59 - 29 پووشپەڕ 2723

حەبیبوڵڵا کەریمی، چالاکی کرێکاریی خەڵکی سنە، لەلایەن لقی یەکی دادگای ئینقلابی ئەم شارە، بە سەرۆکایەتیی دادوەر "سەعیدی"، بە سێ مانگ زیندانی تەعزیری مەحکووم کرا.

دادگا، ئەم چالاکە کرێکارییەی بە "هەوڵدان دژی تەناهیی نەتەوەیی لە ڕێگەی ئەندامەتی لە یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزسیۆنی حکوومەتی ئێران"، تۆمەتبار کردووە و حوکمی دەرکراو دژی ناوبراو بۆ ١٢ میلیۆن تمەن سزای نەختی گۆڕدراوە.

ڕۆژی یەکشەممە، ٢٥ی پووشپەڕ، کۆبوونەوەی پێڕاگەیشتن بە تۆمەتەکانی حەبیبوڵڵا کەریمی، لە لقی یەکی دادگای ئینقلابی سنە بەڕیوە چوو و ڕۆژی چوارشەممە، ٢٨ی پووشپەڕ، دەرکرانی حوکمی دادگای سەرەتایی بە ناوبراو ڕاگەیەندراوە.

ڕۆژی سێشەممە، ١٦ی جۆزەردان، حەبیبوڵڵا کەریمی بە دانانی بارمتەی ٥٠٠ میلیۆن تمەنی بە شێوەی کاتی لە زیندانی سنە ئازاد کرا.

ئەم چالاکە کرێکارییە، شەوی چوارشەممە، ٢٧ی بانەمەڕ، هاوکات لەگەڵ کۆمەڵێک لە چالاکانی کرێکاری بۆ بەرزڕاگرتنی یادی هوومەن عەبدوڵڵاهی، لە گیانلەدەستداوانی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی چووبوونە ماڵی باوکی هوومەن کە هێزە ئەمنییەتییەکان بە بێ بەڵگەی یاسایی هێرش دەکەنە سەر ماڵی فەرشید عەبدوڵڵاهی و بە زۆر دەسبەسەریان دەکەن.

حەبیبوڵڵا کەریمی، بە مەبەستی لێپرسینەوە بۆ گرتنگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە ڕاگوێزرابوو.