بانە؛ دەسبەسەرکرانی حەکیم محەممەدی‌پوور، چالاکی ژینگەپارێزی لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە

13:24 - 29 پووشپەڕ 2723

ڕۆژی یەکشەممە، ٢٥ی پووشپەڕ، حەکیم محەممەدی‌پوور، چالاکی ئەنجومەنی ژینگەپارێزیی پاژینی بانە، لەلایەن هیزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرا.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، هێزە ئەمنییەتییەکان بە بێ بەڵگەی یاسایی ئەم چالاکە ژینگەپاریزییەیان دەسبەسەر کردووە.

ئەم سەرچاوە ئاگادارە ڕایگەیاند: حەکیم محەممەدی‌پوور بە مەبەستی لێپرسینەوە ڕەوانەی گرتنگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی بانە کراوە.

ئەم سەرچاوە ئاگادارە وتی: ئەم چالاکە ژینگەپاریزە کە پێداگری لە مافی ئاژەڵانیش دەکا، تاکوو ئێستا لە پێوەندیی تلفۆنی لەگەڵ بنەماڵەکەی، چاوپێکەوتن لەگەڵیان و دەسپێڕاگەیشتن بە پارێزەر بێبەری بووە.

ئەم چالاکە کوردە، پێشتریش لەلایەن ناوەندە ئەمنییەتییەکانە لە بانە بانگهێشت و دەسبەسەر کراوە.

تا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە، لە هۆکاری دەسبەسەرکران و تۆمەتە وەپاڵدراوەکان دژی ئەم چالاکە ژینگەپارێزە زانیارییەک لەبەر دەستدا نییە.