سەقز؛ سلێمان عەبدی بە زیندان و لێدانی قامچی مەحکووم کرا

11:32 - 29 پووشپەڕ 2723

ڕۆژی دووشەممە، ٢٦ی پووشپەڕ، سلێمان عەبدی، ئەندامی ئەنجومەنی سێنفیی مامۆستایانی کوردستان - سەقز، بە تۆمەتی "تێکدانی نەزم و ئاسایشی گشتی لە ڕێگەی بەشداری لە کۆبوونەوەی نایاسایی لە گۆڕستانی ئایچی"، لەلایەن لقی ١٠٥ی دادگای کەیفەری ٢ی سەقزەوە بە ٨ مانگ زیندانی تەعزیری و لێدانی ٧٠ قامچیی تەعزیری مەحکووم کرا.

دادگا، ٨ مانگ زیندانی ئەم چالاکە سێنفییەی مامۆستایانی بە ٧٢٠ کاتژمێر وانەوتنەوە بە ئەندامانی کۆمیتە ئیمداد گۆڕیوە و لێدانی ٧٠ قامچییەکەشی بۆ ماوەی ٢ ساڵ هەڵپەساردووە.

ڕۆژی دووشەممە، ٢١ی خاکەلێوە، ئەم چالاکە سێنفییەی مامۆستایان، بە دانانی بارمتەی ٢٠٠ میلیۆن تمەنی و بە شێوەی کاتی، هەتا کۆتاییهاتنی قۆناغەکانی دادڕەسی لە زیندانی سەقز ئازاد کرا.

ڕۆژی چوارشەممە، ١٦ی خاکەلێوە، سلێمان عەبدی، پاش کۆتاییهاتنی قۆناغەکانی لێپرسینەوەکەی، لە گرتنگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنەوە بۆ زیندانی سەقز ڕاگوێزرا.

ڕۆژی یەکشەممە، ٢٨ی ڕەشەمەی ١٤٠١، سلێمان عەبدی، بە بێ بەڵگەی یاسایی لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرابوو و بۆ گرتنگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە ڕاگوێزرابوو.

هێزە ئەمنییەتییەکان لە کاتی پشکنینی ماڵی ئەم چالاکە سێنفییەدا، مۆبایلی خۆی و ئەندامانی بنەماڵەکەشیان لەگەڵ خۆیان بردبوو.

لە مانگی خەرمانانی ١٤٠١دا قەرارێک لە دادگای سەقز دەرکرا و بەو پێیە بەڵگەیەک بۆ بەتاوانبارناسینی سلێمان عەبدی دەست نەکەوت.

 ڕۆژی چوارشەممە ٢٥ی جۆزەردانی ١٤٠١، ئەم چالاکە سێنفییە لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرا و ڕۆژی شەممە ٤ی پووشپەڕ هەمان ساڵ بە دانانی بارمتە بە شێوەی کاتی هەتا کۆتاییهاتنی قۆناغەکانی دادڕەسی لە زیندانی سەقز ئازاد کرا.