سنە؛ ئێقباڵ پیشکاری و عەبدوڵڵا خەیرئابادی بە زیندان مەحکووم کران

23:25 - 28 پووشپەڕ 2723

ئێقباڵ پیشکاری و عەبدوڵڵا خەیرئابادی، لە چالاکانی کرێکاریی خەڵکی سنە، لەلایەن لقی یەکی دادگای ئینقلابی ئەم شارە، بە سەرۆکایەتیی دادوەر "سەعیدی"، بە زیندان مەحکووم کران.

بەپێی حوکمی دەرکراو، ئێقباڵ پیشکاری بە تۆمەتی "ئەندامەتی لە یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزسیۆنی حکوومەتی ئێران"، بە ساڵێک زیندانی تەعزیری مەحکووم کراوە کە بۆ ماوەی ٢ ساڵ، حوکمەکەی هەڵپەسێردراوە و عەبدوڵڵا خەیرئابادیش، بە تۆمەتی "ئەندامەتی لە یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزسیۆنی حکوومەتی ئێران"، بە ٢٠ مانگ زیندانی تەعزیری مەحکووم کراوە کە حوکمەکەی بۆ ماوەی ٢ ساڵ و نیو، هەڵپەسێردراوە.

ئەم چالاکانە بۆ بەرزڕاگرتنی یادی هوومەن عەبدوڵڵاهی، لە گیانلەدەستداوانی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی چووبوونە ماڵی باوکی هوومەن کە هێزە ئەمنییەتییەکان بە بێ بەڵگەی یاسایی هێرش دەکەنە سەر ماڵی فەرشید عەبدوڵڵاهی و بە زۆر دەسبەسەریان دەکەن.

ئەم دوو چالاکە کرێکارییە، بە مەبەستی لێپرسینەوە، بۆ گرتنگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە ڕاگوێزرابوون.

ڕۆژی سێشەممە، ١٦ی جۆزەردان، عەبدوڵڵا خەیرئابادی، بە دانانی بارمتە، بە شێوەی کاتی لە زیندانی سنە ئازاد کرابوو.

هەروەها، ڕۆژی چوارشەممە، ٢٤ی جۆزەردانیش، ئێقباڵ پیشکاری بە دانانی بارمتە و بە شێوەی کاتی، لە زیندانی سنە ئازاد کرابوو.

وێنە لە ڕاستەوە بۆ چەپ: ئێقباڵ پیشکاری و عەبدوڵڵا خەیرئابادی