ئیلام؛ هاووڵاتییەکی خۆپیشاندەر بە ٩ ساڵ زیندان مەحکووم کرا

11:52 - 12 پووشپەڕ 2723

بابەک کەریمی، لە دەسبەسەرکراوانی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی، لە ئەیوان غەرب، لەلایەن لقی ٢ی دادگای ئینقلابی ئیلامەوە بە ٩ ساڵ زیندان مەحکووم کرا.

بەپێی حوکمی دەرکراو، ئەم خۆپیشاندەرە، بە تۆمەتەکانی "کۆبوونەوە و تەبانی بە مەبەستی تێکدانی تەناهیی نێوخۆیی" بە ٥ ساڵ زیندان، "بێڕێزی بە ڕێبەری حکوومەتی ئێران" بە دوو سااڵ زیندان و "بێڕێزی بە دامەزرێنەری کۆماری ئیسلامیی ئێران" بە دوو ساڵ زیندان مەحکووم کراوە.

ئەم حوکمە ڕۆژی شەممە، ١٠ی پووشپەڕ، بە فەرمی بەم هاووڵاتییە ڕاگەیەندراوە.

کۆبوونەوەی پێڕاگەیشتن بە تۆمەتەکانی ئەم خۆپیشاندەرە، ڕۆژی ١٢ی بانەمەڕی ئەمساڵ لە لقی ٢ی دادگای ئینقلابی ئیلام بەڕێوە چوو.

بابەک کەریمی، ڕۆژی ٣٠ی خەرمانانی ١٤٠١، لە ڕەوتی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی لە ئەیوان غەرب، لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرا و ڕۆژی دووشەممە، ١٧ی ڕێبەندانی ١٤٠١، بە دانانی بارمتەی ٢ میلیارد تمەنی بە شێوەی کاتی لە زیندانی ناوەندیی ئیلام ئازاد کرابوو.

ئەم هاووڵاتییە لە ماوەی دەسبەسەرکرانیدا بە نیشانەی ناڕەزایەتیدەربڕین بە درێژکرانەوەی ماوەی دەسبەسەرکرانی کاتی و پێڕانەگەیشتن بە دۆسییەکەی دوو جار مانی لە خواردن گرتبوو.