حاتەم ئوزدەمیر، هاووڵاتیی کوردی خەڵکی تورکیە بۆ زیندانی ورمێ ڕاگوێزرایەوە

09:49 - 9 پووشپەڕ 2723

ڕۆژی چوارشەممە، ٧ی پووشپەڕ، حاتەم ئوزدەمیر، هاووڵاتیی کوردی خەڵکی تورکیە، لە گرتنگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی خۆیەوە بۆ زیندانی ورمێ ڕاگوێزرا.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەم زیندانییە سیاسییە، لە گرتنگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی خۆی لێپرسینەوەی لێ کراوە و هێزە ئەمنییەتییەکان هەڕەشەیان لێ کردووە کە لە ئەگەری هاوکاری نەکردندا، ڕادەستی دەوڵەتی تورکیەی دەکەنەوە.

 ڕۆژی هەینی، ٢ی پووشپەڕ، حاتەم ئوزدەمیر پاش بانگهێشتکران بۆ دەفتەری پاسەوانی، ڕادەستی هێزە ئەمنییەتییەکان کرابوو.

ڕێبەندانی ١٤٠١، حوکمی لەسێدارەدرانی حاتەم ئوزدەمیر، لەلایەن لقی ٩ی دیوانی باڵای وڵاتەوە بە سەرۆکایەتیی "قاسم مەزینانی"، ڕەت کرایەوە و دۆسییەکەی بە مەبەستی پێڕاگەیشتنی دووبارە، بۆ لقی هاوتەریب لە دادگای ئینقلابی ورمێ نێردرا.

دانیشتنی کۆتایی پێڕاگەیشتن بە تۆمەتە وەپاڵدراوەکان دژی حاتەم ئوزدەمیر، کۆتاییەکانی هاوینی ١٤٠٠ لە لقی یەکی دادگای ئینقلابی خۆی بەڕێوە چووبوو.

حاتەم ئوزدەمیر، نیوەشەوی ١١ی پوشپەڕی ١٣٩٨ پاش دەرگیریی چەکدارانەی نێوان هێزەکانی پارتی کرێکارانی کوردستان (PKK) و هێزەکانی قەرارگای حەمزەی سپای پاسداران لە ناوچە سنوورییەکانی چاڵدێران دەسبەسەر کرابوو.

ناوبراو لەم دەرگیرییەدا بەهۆی بەرکەوتنی گولـلەی خومپارە بووراوەتەوە و پاش دەسبەسەرکران بۆ گرتنگەی ڕێکخراوی ئیتلاعاتی سپای ورمێ ڕاگوێزراوەتەوە.

ئەم هاووڵاتییە کوردە کۆتاییەکانی مانگی گەلاوێژی ١٣٩٨ پاش دوو مانگ لێپرسینەوە لە گرتنگەی ئیتلاعاتی سپای ورمێوە بۆ زیندانی ناوەندیی ئەم شارە ڕاگوێزرابوو.