بەردەوامیی دەسبەسەرکران و ناڕوونیی چارەنووسی هاووڵاتییەکی کورد لە گرتنگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە

18:07 - 8 پووشپەڕ 2723

هاووڵاتییەکی کورد بە ناوی "عەبدوڵڵا حەمزە"، تەمەن ٤٧ ساڵ و خەڵکی سەقز، لە گرتنگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنەدا، چارەنووسی ناڕوونە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەم هاووڵاتییە تاکوو ئێستا لە دەسپێڕاگەیشتن بە پارێزەر و چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی بێبەری بووە.

ئەم سەرچاوە ئاگادارە ڕایگەیاند: بەدواداچوونەکانی بنەماڵەی ئەم هاووڵاتییە بۆ ئاگاداربوونەوە لە چارەنووسی ناوبراو تاکوو ئێستا بێ‌ئاکام بووە.

عەبدوڵڵا حەمزە، نیوەکانی مانگی جۆزەردان، بە بێ بەڵگەی یاسایی لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرا و بە مەبەستی لێپرسینەوە بۆ گرتنگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە ڕاگوێزرا.

ئەم هاووڵاتییە کوردە خێزاندارە و دوو منداڵی هەیە.

تاکوو ئێستا لە هۆکاری دەسبەسەرکران و تۆمەتە وەپاڵدراوەکان دژی ئەم هاووڵاتییە کوردە زانیارییەکی ورد لەبەر دەستدا نییە.