ڕاگواستنی دوو هاووڵاتیی کورد بۆ گرتنگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە

18:03 - 8 پووشپەڕ 2723

دوو هاووڵاتیی کورد بە ناوەکانی "میلاد فازڵ‌پوور"، تەمەن ٢٤ ساڵ و کوڕی محەممەدساڵح خەڵکی گوندی "مەلقەرەنی" سەر بە شاری سەقز و "هێمن حوسێنی"، خەڵکی سەقز بە مەبەستی لێپرسینەوە بۆ گرتنگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە ڕاگوێزران.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەم دوو هاووڵاتییە، تاکوو ئێستا لە دەسپێڕاگەشتن بە پارێزەر و چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکانیان بێبەری کرابوون.

ئەم سەرچاوە ئاگادارە ڕایگەیاند: لە چارەنووسی ئەم دوو هاووڵاتییە پاش دەسبەسەرکرانیان، زانیارییەکی ورد لەبەر دەستدا نییە.

سەرلەبەیانیی ڕۆژی دووشەممە، ٥ی پووشپەڕ، ئەم دوو هاووڵاتییە کوردە بە بێ بەڵگەی یاسایی لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کران.

تاکوو ئێستا لە هۆکاری دەسبەسەرکران و تۆمەتە وەپاڵدراوەکان دژی ئەم دوو هاووڵاتییە زانیارییەکی ورد لەبەر دەستدا نییە.