ئەیووب ئاغالیانی، خۆپیشاندەری خەڵکی شنۆ بە دانانی بارمتەی ٢١ میلیارد و ٢٥٠ میلیۆن تمەنی ئازاد کرا

01:14 - 6 پووشپەڕ 2723

ڕۆژی دووشەممە، ٥ی پووشپەڕ، خۆپیشاندەرێک بە ناوی "ئەیووب ئاغالیانی"، تەمەن ٢٢ ساڵ و کوڕی جەهانگیر، بە دانانی بارمتەی ٢١ میلیارد و ٢٥٠ میلیۆن تمەنی بە شێوەی کاتی لە زیندانی ناوەندیی ورمێ ئازاد کرا.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، "ڕەزا نەجەف زادە"، دادوەری لقی ٣ی دادگای ئینقلابی ورمێ، ئەم بارمتە قورسەی بۆ ئازادیی کاتیی ئەم خۆپیشاندەرە دیاری کردووە.

ئەم خۆپیشاندەرە لە ماوەی ڕابردوودا، لە مافی چاوپێکەوتن بێبەری بووە و لە ڕێگەی پێوەندیی تلفۆنییەوە لەگەڵ بنەماڵەکەی لە پێوەندیدا بووە.

ڕۆژی ٢٥ی بەفرانباری ١٤٠١، ئەیووب ئاغالیانی لەلایەن لقی ١٠١ی دادگای کەیفەری ٢ی شنۆوە بە ١٠ ساڵ و ٦ مانگ زیندان و لێدانی ٧٠ قامچیی تەعزیری مەحکووم کرابوو.

کۆبوونەوەی دادگای پێڕاگەیشتن بە تۆمەتەکانی ئەم هاووڵاتییە بە شێوەی ویدیۆکۆنفرانس و بە بێ دەسپێڕاگەیشتن بە پارێزەر بەڕێوە چووە و دادگا، ناوبراوی بە تۆمەتەکانی "کۆبوونەوە و تەبانی بۆ ئەنجامدانی تاوان دژی تەناهیی نەتەوەیی وڵات بە چوار ساڵ زیندان"، "تێکدانی نەزمی گشتی" بە یەک ساڵ زیندان و لێدانی ٧٠ قامچی، "تێکدانی کەلوپەلی گشتی" بە یەک ساڵ و ٦ مانگ زیندان و "بەشداری لە ئاگرتێبەردانی بەئەنقەستی کەلوپەلی گشتی" بە ٤ ساڵ زیندان بە جێبەجێکرانی زیاترین سزا و بە هەژماردکردنی ماوەی دەسبەسەرکرانی پێشوو مەحکووم کردووە.

هەروەها لە ڕێبەندانی ١٤٠١دا، ئەیووب ئاغالیانی لە لقی ١٠٦ی دادگای کەیفەری ٢ی ورمێ بە تۆمەتی "تێکدانی کەلوپەلی گشتی بە مەبەستی دژایەتی لەگەڵ نیزام و تێکدانی نەزمی گشتی" بە یەک ساڵ و ٥ مانگ زیندان مەحکووم کرابوو.

ئەم خۆپیشاندەرە، ڕۆژی شەممە، ٢٠ی ڕەشەمەی ١٤٠١یش ، لە لقی ٣ی دادگای ئینقلابی ورمێ بە تۆمەتەکانی "تێکدانی نەزم و ئاسایشی گشتی(تێکدانی نەزمی گشتی بە هەرا) و تێکدانی کەلوپەلی گشتی بە مەبەستی دژایەتی لەگەڵ نیزام و هەستانەوەی چەکداری لە بەرانبەر حکوومەتی ئیسلامی(موحاربە و هەستانەوەی چەکداری دژی حکوومەتی ئیسلامی)"موحاکمە کرا و تاکوو ئێستا لەمبارەوە حوکمێکی پێ ڕانەگەیەندراوە.

ئەم هاووڵاتییە کوردەی خەڵکی شاری شنۆ ڕۆژی هەینی، ١٥ی ڕەزبەری ١٤٠١، لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرابوو.