سەقز؛ هێزە ئەمنییەتییەکان لاوێکی کوردیان دەسبەسەر کرد

19:23 - 5 پووشپەڕ 2723

سەرلەبەیانیی ڕۆژی دووشەممە، ٥ی پووشپەڕ، هاووڵاتییەکی کورد بە ناوی "میلاد فازڵ‌پوور"، تەمەن ٢٤ ساڵ و کوڕی محەممەدساڵح، خەڵکی گوندی "مەلقەرەنی"، سەر بە شاری سەقز، لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرا و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزرا.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگاداری کوردپا، هێزە ئەمنییەتییەکان بە سێ ماشین هێرشیان کردووەتە سەر گوندی "مەلقەرەنی" و ئەم هاووڵاتییە کوردەیان بە بێ بەڵگەی یاسایی دەسبەسەر کردووە.

ئەم سەرچاوە ئاگادارە ڕایگەیاند: لەم ماوەیەدا، بۆ سێهەمین جارە کە میلاد فازڵ‌پوور لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر دەکرێ.

تا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە، لە هۆکاری دەسبەسەرکران و تۆمەتە وەپاڵدراوەکان دژی ئەم لاوە کوردە، زانیارییەک لەبەر دەستدا نییە.