دەسبەسەرکرانی سێ چالاکی ژینگەپارێز لە شاری سەوڵاوا

19:20 - 5 پووشپەڕ 2723

ڕۆژی سێشەممە، ٣٠ی جۆزەردان، موحسن دادگەر، سەعید دادگەر و یاسر سابری، لە چالاکانی ژینگەپارێزی شاری کامێران کە بۆ کۆنتڕۆڵکردنی ئاگرکەوتنەوەی دارستانەکانی کۆساڵان چووبوونە ئەم ناوچەیە، لە کاتی گەڕانەوە، لەلایەن هێزەکانی سپای پاسدارانەوە دەسبەسەر کران.

بە وتەی سەرجاوەیەکی ئاگادار، هێزەکانی سپای پاسداران پاش ڕاگرتنی ماشینی ئەم سێ چالاکە ژینگەپارێزە، پێیان ڕاگەیاندوون کە هاتوچۆ بۆ کوێستانەکانی کۆساڵان قەدەغەیە و دواتریش بە بێ بەڵگەی یاسایی دەسبەسەریان کردوون.

ئەم سەرچاوە ئاگادارە ڕایگەیاند: ئەم سێ چالاکە ژینگەپارێزە، پاش دەسبەسەرکران بۆ گرتنگەی ئەمنییەتیی شارامفەری سنە ڕاگوێزراون.

موحسن و سەعید دادگەر برای یەکترن.

تا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە، لەمەڕ چارەنووسی ئەم سێ چالاکە ژینگەپارێزە زانیارییەکی ورد لەبەر دەستدا نییە.

لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا، کوێستانەکانی کۆساڵان لە ئاکامی تۆپبارانی سپای پاسداراندا ئاگریان تێ بەربوو و خەسارێکی بەرچاو بە ژینگەی ئەم ناوچەیە گەیشت.