ناوەندە ئەمنییەتییەکان بۆ کاناڵە هەواڵدەرییەکانی بانە: هەواڵی کوژرانی کۆڵبەران بڵاو مەکەنەوە

07:10 - 5 پووشپەڕ 2723

ناوەندە ئەمنییەتییەکان هۆشدارییان بە کاناڵە هەواڵدەرییە تێلێگرامییەکانی بانە داوە کە لە بڵاوکردنەوەی هەر چەشنە هەواڵێک لە پێوەندی لەگەڵ کۆڵبەران، خۆ ببوێرن.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگاداری کوردپا، لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا، ناوەندە ئەمنییەتییەکان بە گوشار خستنەسەر کاناڵە تێلێگرامییەکان، پێشیان بە بڵاوبوونەوەی هەواڵ سەبارەت بە دۆخی کۆڵبەران لە سنووری بانە گرتووە و هەموو جار فەرماندەرانی هەنگی سنووری، ڕایانگەیاندووە کە بە ڕەچاوکردنی یاسا تەقەیان لە کۆڵبەران کردووە و وایان نواندووە کە دژکردەوەکەیان یاسایی بووە.

ئەم سەرچاوە ئاگادارە ڕایگەیاند: ناوەندە ئەمنییەتییەکان، هەڕەشەیان لە کاناڵە تێلێگرامییە هەواڵییەکانی بانە کردووە و ڕایانگەیاندووە کە هەواڵی کوژرانی کۆڵبەران بڵاو نەکەنەوە و لە کاتی کوژرانی هەر کەسێک لەسەر سنوور نابێ بابەتەکە دریژە بکێشێت و وردەکارییەکانی بە نووسراو، بمێنیتەوە.

شەوی شەممە، ٣ی پووشپەڕ، کۆڵبەرێکی کورد بە ناوی "وریا شەریفی"، خەڵکی گوندی "هەنگەژاڵ"، سەر بە شاری بانە، بە تەقەی هێزە نیزامییەکانی حکوومەت گیانی لەدەست دا.

هەروەها سەرلەبەیانیی ڕۆژی دووشەممە، ١٥ی جۆزەردان، هوشیار حەسەن پوور، کۆڵبەری خەڵکی بانە، بە تەقەی هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی ئێران لە سنووری "زڵە"، گیانی لەدەست دا.