هاووڵاتییەکی کورد بە مەبەستی جێبەجێکرانی حوکمەکەی بۆ زیندانی بۆکان ڕاگوێزرا

20:49 - 4 پووشپەڕ 2723

ڕۆژی شەممە، ٣ی پووشپەڕ، هاووڵاتییەکی کورد بە ناوی "وەلی گوڵمحەممەدی"، خەڵکی بۆکان، بە مەبەستی جێبەجێکرانی حوکمەکەی بۆ زیندانی ئەم شارە ڕاگوێزرا.

بانەمەڕی ئەمساڵ، ئەم هاووڵاتییە بە تۆمەتی "ئەندامەتی لە یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزسیۆنی حکوومەتی ئێران"، لەلایەن لقی ١٠١ی دادگای کەیفەری ٢ی بۆکانەوە بە یەک ساڵ زیندانی تەعزیری مەحکووم کرابوو.

ڕۆژی پێنجشەممە، ٢٧ی ڕێبەندانی ١٤٠١، وەلی گوڵمحەممەدی بە دانانی بارمتەی ٣٠٠ میلیۆن تمەنی بە شێوەی کاتی، لە زیندانی بۆکان ئازاد کرا.

ئەم هاووڵاتییە پاش کۆتاییهاتنی قۆناغەکانی لێپرسینەوە لە گرتنگەیەکی ئەمنییەتییەوە بۆ زیندانی بۆکان ڕاگوێزرابوو و لە ماوەی دەسبەسەرکرانیدا لە دەسپێڕاگەیشتن بە پارێزەر و چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی بێبەری کرابوو.

ڕۆژی یەکشەممە، ٢٥ی بەفرانباری ١٤٠١، وەلی گوڵمحەممەدی بە بێ بەڵگەی یاسایی لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرابوو.