سڕینەوەی وشەی "شەهید" لەسەر کێلی مەزاری زانیار ئەبووبەکری، لە گیانلەدەستداوانی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی لەلایەن ئیتلاعاتی مەهابادەوە

19:57 - 4 پووشپەڕ 2723

هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی مەهاباد، وشەی "شەهید"یان لەسەر کێلی مەزاری زانیار ئەبووبەکری، لە گیانلەدەستداوانی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی و ناسراو بە "زاوای مەهاباد" سڕیوەتەوە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگاداری کوردپا، هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی مەهاباد پێش دانانی کێلی مەزاری زانیار ئەبووبەکری، هەڕەشەیان لە بنەماڵەکەی کردووە کە لە نووسینی وشەی "شەهید" لەسەر کێلەکەی خۆ ببوێرن.

٥ی خەزەڵوەری ١٤٠١، زانیار ئەبووبەکری، تەمەن ٢٢ ساڵ و خەڵکی مەهاباد، لە ڕەوتی ناڕەزایەتییەکانی پاش ڕێوڕەسمی  بەخاکسپاردنی ئیسماعیل مەولوودی، لە گیانلەدەستداوانی ناڕەزایەتییە خەڵکییەکانی مەهاباد، بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە سەرکوتکەرەکان گیانی لەدەست دا. پزیشکی دادوەری، هۆکاری مەرگی زانیاری، پچڕانی شاڕەگ بە هۆی بەرکەوتنی فیشەکی جەنگی ڕاگەیاندووە.

هەر لەم پێوەندییەدا و لە درێژەی کردەوە تێکدەرانەکانی حکوومەت لەسەر مەزاری گیانلەدەستداوانی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی، دەستوپێوەندییەکانی حکوومەت، وشەی "شەهید"یان لەسەر کێلی مەزاری ئازاد حوسین‌پووری، لە گیانلەدەستداوانی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی سڕیوەتەوە.