زیندانی ورمێ؛ حاتەم ئوزدەمیر، هاووڵاتیی کوردی خەڵکی تورکیە بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزرا

19:59 - 3 پووشپەڕ 2723

ڕۆژی هەینی، ٢ی پووشپەڕ، حاتەم ئوزدەمیر، هاووڵاتیی کوردی خەڵکی تورکیە لە بەندی زیندانییانی سیاسیی زیندانی ناوەندیی ورمێ بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزرا.

ئەم زیندانییە سیاسییە، پاش بانگهێشتکران بۆ دەفتەری پاسەوانی، ڕادەستی هێزە ئەمنییەتییەکان کراوە.

ڕێبەندانی ١٤٠١، حوکمی لەسێدارەدرانی حاتەم ئوزدەمیر، لەلایەن لقی ٩ی دیوانی باڵای وڵاتەوە بە سەرۆکایەتیی "قاسم مەزینانی"، ڕەت کرایەوە و دۆسییەکەی بە مەبەستی پێڕاگەیشتنی دووبارە، بۆ لقی هاوتەریب لە دادگای ئینقلابی ورمێ نێردرا.

حاتەم ئوزدەمیر لەلایەن لقی یەکی دادگای ئینقلابی شاری خۆی بەتۆمەتی "بەغی" بە لەسێدارەدران مەحکووم کرا و ئەم حوکمە ڕۆژی سێشەممە، ٢٤ی ڕەشەمەی ١٤٠٠ بە شێوەی فەرمی بە ناوبراو ڕاگەیەندرا.

دانیشتنی کۆتایی پێڕاگەیشتن بە تۆمەتە وەپاڵدراوەکان دژی حاتەم ئوزدەمیر، کۆتاییەکانی هاوینی ١٤٠٠ لە لقی یەکی دادگای ئینقلابی خۆی بەڕێوە چووبوو.

حاتەم ئوزدەمیر، نیوەشەوی ١١ی پوشپەڕی ١٣٩٨ پاش دەرگیریی چەکدارانەی نێوان هێزەکانی پارتی کرێکارانی کوردستان (PKK) و هێزەکانی قەرارگای حەمزەی سپای پاسداران لە ناوچە سنوورییەکانی چاڵدێران دەسبەسەر کرابوو.

ناوبراو لەم دەرگیرییەدا بەهۆی بەرکەوتنی گولـلەی خومپارە بووراوەتەوە و پاش دەسبەسەرکران بۆ گرتنگەی ڕێکخراوی ئیتلاعاتی سپای ورمێ ڕاگوێزراوەتەوە.

ئەم هاووڵاتییە کوردە کۆتاییەکانی مانگی گەلاوێژی ١٣٩٨ پاش دوو مانگ لێپرسینەوە لە گرتنگەی ئیتلاعاتی سپای ورمێوە بۆ زیندانی ناوەندیی ئەم شارە ڕاگوێزرابوو.