ڕاگواستنی سەید عەبدوڵڵا ئەحمەدپوور بۆ یەکێک لە گرتنگە ئەمنییەتییەکانی ورمێ

19:53 - 3 پووشپەڕ 2723

سەید عەبدوڵڵا ئەحمەدپوور، برای سەید کەماڵ ئەحمەدپوور، لە گیانلەدەستداوانی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی بە مەبەستی لێپرسینەوە بۆ یەکێک لە گرتنگە ئەمنییەتییەکانی ورمێ ڕاگوێزراوە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، سەید عەبدوڵڵا ئەحمەدپوور ڕۆژی پێنجشەممە، یەکی پووشپەڕ، لە پێوەندییەکی کورتی تلفۆنیدا بە بنەماڵەکەی ڕاگەیاندووە کە بۆ ورمێ ڕاگوێزراوە.

ئەم سەرچاوە ئاگادارە ڕایگەیاند: ئەم هاووڵاتییە تاکوو ئێستا لە دەسپێڕاگەیشتن بە بنەماڵەکەی بێبەری بووە.

ڕۆژی یەکشەممە، ٢٨ی جۆزەردان، سەید عەبدوڵڵا ئەحمەدپوور، تەمەن ٤٥ ساڵ و کوڕی تاهیر، خەڵکی مەهاباد، لە شوێنی کارەکەی لە شەقامی "مەنبەع" بە بێ بەڵگەی یاسایی لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرا.

ڕۆژی هەینی، ٢٧ی خەزەڵوەری ١٤٠١، سەید کەماڵ (خالق) ئەحمەدپوور، برای سەید عەبدوڵڵا، لە ڕەوتی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی لە مەهاباد، بە تەقەی هێزە سەرکوتکەرەکان گیانی لەدەست دا.

تا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە، لە هۆکاری دەسبەسەرکران و تۆمەتە وەپاڵدراوەکان دژی ئەم هاووڵاتییە زانیارییەک دەست نەکەوتووە.