خۆکوژیی سەربازێکی کورد لە شاری عەجەب‌شێر

16:30 - 2 پووشپەڕ 2723

ڕۆژی سێشەممە، ٣٠ی جۆزەردان، سەربازێکی کورد بە ناوی "خالق ئەحمەدنژاد"، کوڕی سەعدی و فاتمە، خەڵکی گوندی "گامێش گولی" سەر بە شاری بۆاکن، لە یەکێک لە پادگانەکانی عەجەب‌شێر، کۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەم سەربازە  بە چەکی سازمانی، هەوڵی خۆکوژیی داوە و کە هۆکاری خۆکوشتنی ناوبراو زانیارییەکی ورد لەبەر دەستدا نییە.

هەر لەم پێوەندییەدا، ڕۆژی یەکشەممە، ٣١ی بانەمەڕ، سەربازێکی کورد بە ناوی "مەحموود ئارش"، کوڕی عەبدولکەریم، خەڵکی گوندی "ئاغگەل"، سەر بە شاری ماکۆ، لە پادگانی "ئەلمەهدی"، کۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا.

سەربازی لە کۆماری ئیسلامیی ئێراندا بەتایبەت بۆ ئەو بنەماڵانەی کە لە توێژی کەمداهاتی کۆمەڵگەن، کێشەی زۆری بەدواوەیە. هەر تاکێک بە گەیشتن بە تەمەنی ١٨ ساڵ، بەزۆرەملێ دەبێ سەربازی بکات. لە ئەگەری نەچوون بۆ سەربازی و گوێنەدان بەم یاسایە، قوتابییانی کوڕ لە خزمەتگوزاریی کۆمەڵایەتی و مافی شارۆمەندی وەکوو دامەزراندن، درێژەدان بە خوێندن، هەبوونی بیمەی دەرمانی، وەرگرتنی پەروانەی کاروکاسبی و باقی مافەکانی تر بێبەری دەبن و تەنانەت ئەگەری هەیە دەسبەسەریش بکرێن. لە ئێراندا بەردەوام لە سەربازەکان وەکوو هێزی کاری هەرزان بە حەقدەستی کەمەوە کەڵک وەردەگیردرێ.