حوکمی زیندانی سەید تارق حوسێنی لە دادگای پێداچوونەوە پشتڕاست کرایەوە

13:09 - 31 جۆزەردان 2723

حوکمی سێ ساڵ زیندانی تەعزیریی سەید محەممەد تارق حوسێنی، خوێندکاری زانستی دینیی خەڵكی جوانڕۆ، لە لقی ١٤ی دادگای پێداچوونەوەی کرماشان، پشتڕاست کرایەوە.

ناوبراو ڕۆژی ٢١ی ڕەشەمەی ١٤٠١، لە دادگاییەکی ٢٠ خولەکیدا، لەلایەن لقی ٤ی دادگای ئینقلابی کرماشانەوە بە تۆمەتی "هاوکاری لەگەڵ حیزبە کوردییەکانی دژبەری حکوومەتی ئێران و پڕوپاگەندە دژی نیزام" بە سێ ساڵ زیندانی تەعزیری مەحکووم کرابوو.

سەید محەممەد تارق حوسێنی، ڕۆژی یەکشەممە، ٩ی ڕێبەندانی ١٤٠١، بە بێ بەڵگەی یاسایی لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرابوو و بە مەبەستی لێپرسینەوە بۆ گرتنگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی کرماشان ڕاگوێزرابوو.

هێزە ئەنییەتییەکان لە کاتی دەسبەسەرکردنی ئەم هاووڵاتییەدا، شووشەی دەرکەی ماڵەکەیان شکاندبوو و مۆبایلی ناوبراویان لەگەڵ خۆیان بردبوو.

سەید محەممەد تارق حوسێنی، پاش ١٠ کۆبوونەوەی لێپرسینەوە، ڕۆژی ٢٣ی ڕێبەندانی ١٤٠١، بۆ زیندانی دێزڵاوای کرماشان ڕاگوێزرابوو و ڕۆژی دواتریش بە دانانی بارمتە بە شێوەی کاتی ئازاد کرابوو.

ئەم هاووڵاتییە کوردە لە ماوەی دەسبەسەرکرانیدا لە دەسپێڕاگەیشتن بە پارێزەر و چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی بێبەری کراوە.

سەید محەممەد تارق حوسێنی، تەمەنی ٣٠ ساڵە و کوڕی محەممەدسادق حوسێنی و خاوەر شەمسییە.