حوکمی لەسێدارەدرانی هێمن مستەفایی لە زیندانی سنە جێبەجێ کرا

13:04 - 31 جۆزەردان 2723

سەرلەبەیانیی ڕۆژی چوارشەممە، ٣١ی جۆزەردان، حوکمی لەسێدارەدرانی هێمن مستەفایی، زیندانیی خەڵکی مەریوان، لە زیندانی ناوەندیی سنە، جێبەجێ کرا.

بنەماڵەی ئەم زیندانییە و کۆمەڵێک لە چالاکانی مەدەنی، تا دەمەوبەیانیی ئەمڕۆ، لە بەردەم زیندانی سنە کۆبوونەوە و خوازیاری هەڵوەشانەوەی لەسێدارەدرانی هێـمن مستەفایی بوون.

ئەم زیندانییە، ڕۆژی دووشەممە، ٢٩ی جۆزەردان، بە مەبەستی جێبەجێکرانی حوکمەکەی بۆ ژووری تاکەکەسی ڕاگوێزرابوو.

ئەم زیندانییە کوردە، ١١ی ڕەشەمەی ١٣٩١ بە تۆمەتی "کوشتنی ئیبراهیم محمەدی تازاوا، یەکێک لە ئەندامانی پێشووی سپای پاسداران" لە مەریوان دەسبەسەر کرابوو و بە مەبەستی لێپرسینەوە بۆ گرتنگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە ڕاگوێزرابوو.

هێمن مستەفایی، دواتر لە دادگای کەیفەریی سنەدا بە تۆمەتی "ڕاگرتنی چەک"، بە ٤ ساڵ زیندان و بە تۆمەتی "کوشتی بەئەنقەست" بە لەسێدارەدران مەحکووم کرابوو.

دانپێدانانی زۆرەملێێ ئەم زیندانییە لە دێکۆمێنتارێکدا لەژێر ناوی "سووژەی هاوبەش" لە پرێس تیڤی بڵاو کراوەتەوە و هێمن مستەفایی لەگەڵ سێ هاووڵاتیی دیکە بە ناوەکانی "بەیان کاکەیی"، "هیوا دادئافرین" و "خەلیل شیرزادی" لە تۆمەتبارانی ئەم دۆسییەیە لە درێژەی ئەم دێکۆمێنتە، دانیان بە هاوکاری لە "کوشتنی ئیبراهیم محەممەدی" لە شەوی ڕۆژی دووشەممە، ٧ی ڕەشەممەی ١٣٩١دا نا.

هێمن مستەفایی، کوڕی عینایەت، لەدایکبووی ١٣٦٨ و خەڵکی "کانی دینار"ی مەریوانە.

تاکوو ئێستا هەواڵی لەسێدارەدرانی ئەم زینداییە لەلایەن ناوەندە فەرمییەکان و میدیا نێوخۆییەکانی ئێرانەوە ڕانەگەیەندراوە.