پەرهام پەروەری بە ١٠ سال دوورخرانەوە بۆ زیندانی جاسک و ٥ ساڵ زیندانی تەعزیری مەحکووم کرا

14:39 - 30 جۆزەردان 2723

پەرهام پەروەری لە دەسبەسەرکراوانی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی، لەلایەن لقی ٢٨ی دادگای ئینقلابی تاران بە سەرۆکایەتیی دادوەر "عەمووزاد"، بە ١٠ ساڵ دوورخرانەوە بۆ زیندانی جاسک لە پارێزگای هورموزگان و ٥ ساڵ زیندانی تەعزیری مەحکووم کرا.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەم حوکمە ڕۆژی سێشەممە، ٣٠ی جۆزەردان بە بنەماڵەی پەروەری ڕاگەیەندراوە.

ڕۆژی یەکشەممە، ٧ی جۆزەردان، کۆبوونەوەی پێڕاگەیشتن بە تۆمەتەکانی پەرهام پەروەری لە لقی ٢٨ی دادگای ئینقلابی تاران بە سەرۆکایەتیی دادوەر "عەمووزاد" بەڕێوە چوو و ناوبراو بە بوونی پارێزەرەکەی، مازیار تاتایی سەبارەت بە تۆمەتەکانی "موحاربە" و "هەوڵدان دژی تەناهیی نەتەوەیی" بەرگریی لە خۆی کردبوو.

ڕۆژی یەکشەممە ٢٠ی خاکەلێوە، ئەندازیار پەرهام پەروەری خەڵکی سەقز، لە زیندانی تارانی گەورەوە بۆ زیندانی ئێڤین ڕاگوێزرا.

هەروەها ڕۆژی چوارشەممە ١٤ی بەفرانباری ١٤٠١، پەرهام پەروەری لە پێوەندییەکی تلفۆنیدا بە بنەماڵەکەی ڕاگەیاندبوو کە لە زیندانی ئێڤینەوە بۆ زیندانی تارانی گەورە ڕاگوێزراوە.

ڕۆژی یەکشەممە، ٤ی بەفرانباری ١٤٠١، پاش تێپەڕبوونی ٤٦ ڕۆژ بەسەر دەسبەسەرکرانی پەرهامدا، ئیزنی دەسپێڕاگەیشتن بە پارێزەری پێ درابوو.

مازیار تاتایی، پارێزەری پلە یەکی دادگوستەری پاش خوێندنەوەی دۆسییەی پەرهام پەروەری بە بنەماڵەکەی ڕاگەیاندووە کە تۆمەتی "موحاربە"، لە دۆسییەی پەرهام لە شوێنی خۆیەتی.

پاش بڵابوونەوەی هەواڵێک لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان لەمەڕهەڵوەشاندنەوەی تۆمەتی "موحاربە" لە دۆسییەی ئەندازیار پەرهام پەروەری خەڵکی سەقز، سەرچاوەیەکی ئاگادار لە وتووێژێکدا، لەگەڵ کوردپا ئەو هەواڵەی ڕەت کردەوە.

ڕۆژی چوارشەممە ڕێکەوتی ١٨ی خەزەڵوەری ١٤٠١، ئەندازیار "پەرهام پەروەری" خەڵکی شاری سەقز کە لە ڕەوتی خۆپیشاندانەکانی شاری تاران دەسبەسەر کرابوو، لەلایەن دادسەرای ئەمنییەتیی زیندانی ئێڤین بە "موحاربە" تۆمەتبار کرا.

"پەرهام پەروەری" دوای حەفتەیەک ڕاگیران لە زیندانی "فەشافوویە" بۆ زیندانی "ئێڤین" گوازرابووەوە.

"پەرهام پەروەری" تەمەنی ٢٥ ساڵە و دەرچووی ئەندازیاریی مێکانیک لە زانکۆی "سەنعەتـ"ـی شاری ورمێیە و "موزەفەر پەروەری" و "سروە سووزەنی" باوک و دایکی پەرهام لە فەرهەنگییانی خانەنشینکراوی شاری سەقزن.

ئەندازیار "پەرهام پەروەری" پلەی سێهەمی مەلەوانیی لە ئاستی ئێراندا هەیە و چەندین خەڵاتی لە ئاستی ناوچەیی و لە بواری خوێندکاری بەدەست هێناوە.

ناوبراو لە شیرکەتێکی ئەندازیاری لە شاری تاران خەریکی کارکردن بووە.

ئەندازیار "پەروەری" ئێستا لە بەندی ٢٠٩ی زیندانی ئێڤین لە شاری تاران دەسبەسەرە.