لێدان و دیپۆرتکردنەوەی دوو کەس لە برینداربووانی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی لەلایەن پۆلیسی یۆنانەوە

11:35 - 30 جۆزەردان 2723

ڕۆژی شەممە، ٢٧ی جۆزەردان، کەماڵ پیشوەند و واحید ڕووزنەوەرد، لەو کەسانەی کە لە بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادیدا چاویان بریندار ببوو، لەلایەن پۆلیسی یۆنانەوە دەسبەسەر کران و لێیان درا.

کەماڵ پیشوەند، لە وتووێژ لەگەڵ کوردپادا ڕایگەیاند: کوڕەکەی خۆی، ئارتین پیشوەندی لەگەڵ بووە و بەهۆی لێدانی پۆلیسی یۆنانەوە، دەستی بەتوندی بریندار بووە.

کەماڵ پیشوەند وتی: ڕۆژی شەممە، ٢٧ی جۆزەردان لەگەڵ ئارتین و واحید ڕووزنەوەرد بە مەبەستی کۆچکردن بەرەو ئوورووپا، لە ڕووباری "کریو"ی یۆنان تێپەڕین و هێشتا نەگەیشتبووینە شەقامی ٨٥ی یۆنان کە لەلایەن پۆلیسەوە دەسبەسەر کراین.

ناوبراو ڕایگەیاند: پۆلیسی یۆنان پاش دەسبەسەرکردنمان، دەستی بەسەر مۆبایلەکەمان داگرت و لێیان داین کە لەم ڕووداوەدا، قەفەسەی سینگی واحید بەتوندی بریندار بوو.

ناوبراو وتی: پۆلیسی یۆنان پاش دەسبەسەرکردنمان، ئێمەی بردە کەمپێک و لەوێ پاش ڕووتکردنەوەمان، هەموو کەلوپەلەکانیان لێ ستاندین و دیپۆرتی تورکیەیان کردینەوە.

کەماڵ پیشوەند ڕایگەیاند: پاش دیپۆرتکرانەوەمان بۆ تورکیە، باسمان لە شێوازی دەسبەسەرکرانی خۆمان و برینداربوونی چاومان بۆ پۆلیس کرد و پۆلیسی تورکیەش ئازادی کردین و ئێستا لە ئێستامبۆلین.

شەوی ٢٠ی ڕەزبەری ١٤٠١، کەماڵ پیشووەند و واحید ڕووزنەوەرد لە ڕەوتی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی لە مەهاباد، بە تەقەی هێزە سەرکوتکەرەکان چاویان بەتوندی بریندار بوو و هەردووکیان چاوی چەپیان لەدەست دا.