بەردەوامیی دەسبەسەرکرانی هاشم ساعدی، باوکی سارینا ساعدی لە گیانلەدەستداوانی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی

16:04 - 29 جۆزەردان 2723

هاشم ساعدی، باوکی سارینا ساعدی، لە گیانلەدەستداوانی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی هێشتا لە زیندانی بۆکان دەسبەسەرە.

بە وتەی یەکێک لە کەسە نزیکەکانی هاشم ساعدی، سەرەڕای دابینکردنی بارمتە، تاکوو ئێستا دادگا ئیزنی بە ئازادیی کاتیی ناوبراو نەداوە.

ئەم سەرچاوە ئاگادارە ڕایگەیاند: هاشم ساعدی، لە ماوەی دەسبەسەرکرانیدا لە دەسپێڕاگەیشتن بە پاڕیزەر و چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی بێبەری بووە.

شەوی هەینی، ١٩ی جۆزەردانی ١٤٠٢، هاشم ساعدی لەگەڵ بنەماڵەی گیانلەدەستداوانی سنە، دێولان و دیواندەرە، پاش تەوابوونی ڕێوڕەسمی سەر مەزاری گیانلەدەستداوانی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی لە گۆڕستانی ئایچیی سەقز، و گۆڕستانی بۆکان، لە چوونەژوورەوەی شاری سەقز، لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرابوو.

٥ی خەزەڵوەری ١٤٠١، سارینا ساعدی، تەمەن ١٦ ساڵ، کچی هاشم، کە لە ڕەوتی ناڕەزایەتییەکانی ٤ی خەزەڵوەردا بە هۆی لێدانی هێزە سەرکوتکەرەکان بە باتوم لەسەری، تووشی خوێنبەربوونی مێشک ببوو، پاش ڕۆژێک مانەوە لە نەخۆشخانە گیانی لەدەست دا.