سنە؛ هاجەر سەعیدی، چالاکی کرێکاری، بە دانانی بارمتە بە شێوەی کاتی ئازاد کرا

22:28 - 28 جۆزەردان 2723

ڕۆژی یەکشەممە، ٢٨ی جۆزەردان، هاجەر سەعیدی، چالاکی کرێکاریی خەڵکی سنە، بە دانانی بارمتەی ٥٠٠ میلیۆن تمەنی بە شێوەی کاتی لە کانوونی ئێسڵاح و تەربییەتی ئەم شارە ئازاد کرا.

شەوی چوارشەممە، ٢٧ی بانەمەڕ، ئەم چالاکە کرێکارییە هاوکات لەگەڵ کۆمەڵێک لە چالاکانی کرێکاری، بۆ بەرزڕاگرتنی یادی هوومەن عەبدوڵڵاهی، لە گیانلەدەستداوانی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی چووبوونە ماڵی باوکی هوومەن کە هێزە ئەمنییەتییەکان بە بێ بەڵگەی یاسایی هێرش دەکەنە سەر ماڵی فەرشید عەبدوڵڵاهی و بە زۆر دەسبەسەریان دەکەن.

هاجەر سەعیدی بە مەبەستی لێپرسینەوە سەرەتا بۆ ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە و دواتریش پاش کۆتاییهاتنی قۆناغەکانی لێپرسینەوە بۆ کانوونی ئیسلاح و تەربییەتی ئەم شارە ڕاگوێزرابوو.

تاکوو ئێستا لە تۆمەتە وەپاڵدراوەکان دژی ئەم چالاکە کرێکارییە، زانیارییەک دەست نەکەوتووە.

هاجەر سەعیدی، گەلاوێژی ١٣٩٩ش، لەلایەن لقی یەکی دادگای ئینقلابی سنە، بە سەرۆکایەتیی دادوەر "سەعیدی" بە تۆمەتی "ئەندامەتی لە یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزسیۆنی حکوومەتی ئێران، بەشداری لە کۆبوونەوەی نایاسایی و دروستکردنی پێوەندی لەگەڵ چالاکانی کرێکاری"، بە ٥ ساڵ زیندانی تەعلیقی بۆ ماوەی ٤ ساڵ مەحکووم کرابوو.