مامۆستا زانا خۆشامەن، بە دوو ساڵ و یەک مانگ زیندانی تەعزیری مەحکووم کرا

21:43 - 25 جۆزەردان 2723

مامۆستا زانا خۆشامەن، خەڵکی پەسوێی پیرانشار، لەلایەن لقی یەکی دادگای ئینقلابی مەهاباد بە سەرۆکایەتیی دادوەر "ئەمیر ئوجاقلوو"، بە دوو ساڵ و یەک مانگ زیندانی تەعزیری مەحکووم کرا.

دادگای ئینقلابی مەهاباد، ئەم مامۆستا ئایینییە کوردەی بە "هەوڵدان دژی تەناهیی نەتەوەیی لە ڕێگەی ئەندامەتی لە یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزسیۆنی حکوومەتی ئێران" تۆمەتبار کردووە.

ئەم حوکمە، ڕۆژی پێنجشەممە، ٢٥ی جۆزەردان بە شێوەی فەرمی بەم مامۆستایە ڕاگەیەندراوە.

ڕۆژی پێنجشەممە، ٢٨ی ڕەزبەری ١٤٠١، مامۆستا زانا خۆشامەن و هاوسەرەکەی، سنوور قادری لەلایەن هێزە ئەمنییەتیەکانەوە دەسبەسەر کرابوون.

ئەم مامۆستا ئایینییە لە ماوەی دەسبەسەرکرانیدا، لە دەسپێڕاگەیشتن بە پارێزەر و چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی بێبەری بووە.

مامۆستا زانا خۆشامەن، پاش کۆتاییهاتنی قۆناغەکانی لێپرسینەوە بۆ زیندانی نەغەدە ڕاگوێزرابوو و دواتر بە دانانی بارمتە بە شێوەی کاتی ئازاد کرابوو.

مامۆستا زانا خۆشامەن، پێشتر پێشنوێژی گوندی "یوونس لیان"ی شنۆ، گوندی "کۆنەقەڵا"ی نەغەدە و گوندی "شەختان"ی پیرانشار بووە.

هەروەها چەند ساڵیش لە قوتابخانەی زانستی دینیی سەلاحەدین ئەیووبیی پیرانشار وانەی وتووەتەوە.