دوو هاووڵاتیی کورد بە ٧ ساڵ و ٢ مانگ زیندانی تەعزیری مەحکووم کران

21:34 - 25 جۆزەردان 2723

دوو هاووڵاتیی کورد بە ناوەکانی "محەممەد ئیسماعیلی" و "ئیسماعیل مەحموودپوور"، خەڵکی پیرانشار، لەلایەن لقی یەکی دادگای ئینقلابی مەهابادەوە بە سەرۆکایەتیی دادوەر "ئەمیر ئوجاقلوو"، سەرجەم بە ٧ ساڵ و ٢ مانگ زیندانی تەعزیری مەحکووم کران.

دادگا ئەم دوو هاووڵاتییەی بە "هەوڵدان دژی تەناهیی نەتەوەیی لە ڕێگەی ئەندامەتی لە یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزسیۆنی حکوومەتی ئێران" تۆمەتبار کردووە و بەپێی حوکمی دەرکراو، محەممەد ئیسماعیلی بە دوو ساڵ و ٨ مانگ زیندانی تەعزیری و ئیسماعیل محەممەدپوور بە ٤ ساڵ و ٦ مانگ زیندانی تەعزیری مەحکووم کراون.

ئەم حوکمە ڕۆژی پێنجشەممە، ٢٥ی جۆزەردان، بە فەرمی بەم دوو هاووڵاتییە ڕاگەیەندراوە.

محەممەد ئیسماعیلی، ڕەزبەری ساڵی ١٤٠١، بە بێ بەڵگەی یاسایی لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرابوو و بە مەبەستی لێپرسینەوە بۆ یەکێک لە گرتنگە ئەمنییەتییەکانی ورمێ ڕاگوێزرابوو.

ناوبراو، پاش کۆتاییهاتنی قۆناغەکانی دادڕەسی، بۆ زیندانی نەغەدە ڕاگوێزرابوو و بەفرانباری ١٤٠١، بە دانانی بارمتە بە شێوەی کاتی ئازاد کرابوو.

ئیسماعیل مەحموودپوور، خەزەڵوەری ١٤٠١، بە بێ بەڵگەی یاسایی لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرابوو و بە مەبەستی لێپرسینەوە بۆ یەکێک لە گرتنگە ئەمنییەتییەکانی ورمێ ڕاگوێزرابوو.

ناوبراو، پاش کۆتاییهاتنی قۆناغەکانی دادڕەسی، بۆ زیندانی نەغەدە ڕاگوێزرابوو و بەفرانباری ١٤٠١، بە دانانی بارمتە بە شێوەی کاتی ئازاد کرابوو.

وێنە لە ڕاستەوە بۆ چەپ: ئیسماعیل مەحموودپوور و محەممەد ئیسماعیلی