باپیر بەرزە لەلایەن دادگای ئینقلابی مەهابادەوە بە سێ ساڵ زیندان مەحکووم کرا

16:26 - 25 جۆزەردان 2723

باپیر بەرزە، زیندانیی سیاسیی پێشوو و خەڵکی گوندی "چیانە"ی پیرانشار، لەلایەن لقی یەکی دادگای ئینقلابی مەهابادەوە بە سەرۆکایەتیی دادوەر "ئومید ئوجاقلوو"، بە سێ ساڵ زیندانی تەعزیری مەحکووم کراوە.

دادگای ئینقلابی مەهاباد، ئەم هاووڵاتییەی بە "هەوڵدان دژی تەناهیی نەتەوەیی لە ڕێگەی ئەندامەتی لە یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزسیۆنی حکوومەتی ئێران"، تۆمەتبار کردووە.

ئەم حوکمە، ڕۆژی پێنجشەممە، ٢٥ی جۆزەردان بە فەرمی بە باپیر بەرزە ڕاگەیەندراوە.

بانەمەڕی ساڵی ١٤٠٢، لقی ١٠٢ی دادگای کەیفەری ٢ی پیرانشار بە سەرۆکایەتیی دادوەر "ڕەزا قەهرەمانی ساعەتلوو"، ئەم هاووڵاتییەی بە تۆمەتەکانی "تێکدانی نەزم و ئاسایشی گشتی لە ڕێگەی بەشداری لە ئاڵۆزی، ئاژاوەگێڕی و هەنجارشکێنی لە ڕاستای ئامانجی گرووپە دژبەرەکانی نیزام دژی ئەمنییەتی نەتەوەیی" بە ساڵێک زیندانی تەعزیری مەحکووم کردبوو.

ڕۆژی پێنجشەممە، ٦ی ڕێبەندانی ١٤٠١، باپیر بەرزە بە دانانی بارمتە بە شێوەی کاتی هەتا کۆتاییهاتنی قۆناغەکانی دادڕەسی لە زیندانی نەغەدە ئازاد کرا.

ئەم هاووڵاتییە کوردە، ڕۆژی سێشەممە، یەکی سەرماوەزی ١٤٠١، لە سێڕێیانی پەسوێ بە بێ بەڵگەی یاسایی لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە و بەمەبەستی لێپرسینەوە بۆ یەکێک لە گرتنگە ئەمنییەتییەکانی ورمێ ڕاگوێزرابوو.

ئەم زیندانییە سیاسییە لە ماوەی دەسبەسەرکرانیدا لە دەسپێڕاگەیشتن بە پارێزەر و چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی بێبەری بووە.

ڕۆژی چوارشەممە ٧ی ڕەزبەری ١٤٠٠، باپیر بەرزە بە شێوەی مەرجدار لە زیندانی نەغەدە ئازاد کرابوو.