دادگای پێداچوونەوە حوکمی زیندانی فەریاد حەمەشووری پشتڕاست کردەوە

11:28 - 12 جۆزەردان 2723

لقی ٢٣ی دادگای پێداچوونەوەی پارێزگای ورمێ، حوکمی زیندانی فەریاد حەمەشوور، خۆپیشاندەری خەڵکی شنۆی بە هەژمارکردنی ڕۆژانی دەسبەسەرکرانی پێشووی پشتڕاست کردەوە.

 کۆبوونەوەی دادگای پێداچوونەوەی حوکمی ئەم خۆپیشاندەرە لە لقی ٢٣ی دادگای پێداچوونەوەی پارێزگای ورمێ، بە سەرۆکایەتیی "عەلی حەسەن‌زادە" و ڕاوێژکارەکەی "حوسێن موحسنی" بەڕێوەچووە و ڕۆژی چوارشەممە، ١٠ی جۆزەردان حوکمی دادگای پێداچوونەوەی بە بنەماڵەکەی ڕاگەیاندووە.

فەریاد حەمەشوور، کوڕی عەلی، ڕۆژی ١٩ی خەزەڵوەری ١٤٠١، لەلایەن لقی ١٠١ی دادگای کەیفەری ٢ی شنۆ سەبارەت بە تۆمەتی "ئەندامەتی لە یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزسیۆنی حکوومەتی ئێران" بە ٥ ساڵ زیندان و سەبارەت بە تۆمەتی "هاوکاری لە ئاگرتێبەردانی بەئەنقەستی بانکەکانی سێپەهـ و ڕفاهی شنۆ" بە ٤ ساڵ زیندان و سەبارەت بە تۆمەتی "گوێنەدان بە مەئموورەکان هاوکات لەگەڵ بەکارهێنانی چەک" بە سێ ساڵ زیندان هاوکات لەگەڵ جێبەجێکرانی زۆرترین سزا مەحکووم کرابوو.

ئەم هاووڵاتییە ڕۆژی سێشەممە، ٥ی ڕەزبەری ١٤٠١، بە بێ بەڵگەی یاسایی لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرابوو و پاش کۆتاییهاتنی قۆناغەکانی لێپرسینەوە بۆ زیندانی ناوەندیی ورمێ ڕاگوێزرابوو.