درێژکرانەوەی ماوەی دەسبەسەرکردنی کاتیی ژینا مودەڕس‌گورجی، چالاکی مافەکانی ژنان

11:40 - 25 جۆزەردان 2723

ڕۆژی چوارشەممە، ٢٤ی جۆزەردان، ماوەی دەسبەسەرکرانی کاتیی ژینا مودەڕس‌گورجی، چالاکی مافەکانی ژنان کە لە کانوونی ئێسڵاح و تەربییەتی سنەیە، بۆ ماوەی ١٠ ڕۆژی دیکە درێژ کرایەوە.

بانەمەڕی ئەمساڵ، لقی یەکی لێپرسینەوە دادسەرای گشتی و ئینقلابی سنە، سکاڵای ژینا دژی هێزەکانی ئیتلاعاتی سپا لەمەڕ زەوتکردنی ئازادیی تاکەکەسی، بێبەریکردن لە یاساکانی یاسای بنەڕەتی، ڕفاندن، لێدان و توندوتیژی و بێڕێزی بە مرۆڤەکانی ڕەت کردەوە و هێزەکانی ئیتلاعاتی لەمبارەوە بێتاوان ناساند.

ڕۆژی ٩ی بانەمەڕی ١٤٠٢، لقی یەکی لێپرسینەوەی دادسەرای گشتی و ئینقلابی سنە بە سەرۆکایەتیی "عەلیڕەزا فاریابی"، بە هۆی نەبوونی بەڵگەی پێویست، سکاڵاکەی ژینا مودەڕس‌گورجیی ڕەت کردەوە.

پارێزەرەکانی ژینا بە هۆی ئەنجامنەدانی لێکۆڵینەوەی قەزایی و گرینگینەدان بە بەڵگەکان، بەرانبەر بە دەنگی دادگا ناڕەزایەتییان دەربڕی و داوای ڕەتکردنەوەی دەنگەکەی داگایان کرد و خوازیاری ئەوە بوون کە کەموکوڕییەکانی لێکۆڵینەوەکە ڕابگەیەندرێ.

ئەم چالاکەی مافەکانی ژنان، ڕۆژی ٢٠ی بانەمەڕ، لە ژووری تاکەکەسیی کانوونی ئێسڵاح و تەربییەتی سنەوە بۆ بەندی گشتی ڕاگوێزرابوو.

ژینا مودەڕس‌گورجی، لەم دەورە لە لێپرسینەوەکاندا تۆمەتی "بڵاوکردنەوەی درۆ لە ڕێگەی وتووێژ لەگەڵ میدیا دژبەرەکان"ی وەپاڵ دراوە.

ڕۆژی دووشەممە، ٢١ی خاکەلێوە، ژینا مودەڕس‌گورجی دیسانەوە لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە لە سنە دەسبەسەر کرا.

ژینا مودەڕس‌گورجی، چالاکی مافەکانی ژنان، کە لە سەرەتای بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادیدا دەسبەسەر کرابوو و دواتریش بە دانانی بارمتە ئازاد کرا، ڕۆژی ٤ی خاکەلێوە بە بڵاوکردنەوەی پۆستێک لە ئینستاگرامەکەیدا باسی لە گۆڕدرانی تۆمەتەکەی بۆ "دروستکردنی گرووپ بە مەبەستی ڕووخان" کرد.

ژینا مودەڕس‌گورجی ئاماژەی کردبوو کە سەبارەت بە تۆمەتی "دروستکردنی گرووپ بە مەبەستی ڕووخان" دەبێ چاوەڕێی کۆبوونەوەی داداگا و بەرگریی پارێزەرەکانی بێت، ناوبراو پێشتر بە کۆبوونەوە و تەبانی دژی تەناهیی نەتەوەیی و جارێکیش بە پڕوپاگەندە دژی نیزام تۆمەتبار کرابوو.

ژینا، ڕۆژی چوارشەممە، ٣٠ی خەرمانانی ١٤٠١، لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتەوە لە شەقامی سەفەریی سنە بە توندوتیژیی هێزەکان دەسبەسەر کرا و پاش ٤٠ ڕۆژ دەسبەسەری لە بەندی ژنانی زیندانی سنە، ڕۆژی ٨ی خەزەڵوەری ١٤٠١ بە دانانی بارمتەی ١٠٠ میلیۆن تمەنی بە شێوەی کاتی ئازاد کرا. لێپرسی دۆسییەکەی، بارمتەکەی بۆ یەک مییلیارد تمەن بەرز کردەوە.

ناوبراو پێش لە دەسبەسەرکران لەلایەن ئیتلاعاتی سپاوە بانگهێشت کرابوو و هێزە ئەمنییەتییەکان هەڕەشيیان لێ کردبوو کە لە ئەگەری بەشداری لە ناڕەزایەتییەکانی شاری سنەدا، "خۆر بۆ چاوی خۆت نابینی."