سنە؛ ئێقباڵ پیشکاری، چالاکی کرێکاری بە دانانی بارمتە ئازاد کرا

00:34 - 25 جۆزەردان 2723

ڕۆژی چوارشەممە، ٢٤ی جۆزەردان، ئێقباڵ پیشکاری، چالاکی کرێکاریی خەڵکی سنە، بە دانانی بارمتە بە شێوەی کاتی لە زیندانی ئەم شارە ئازاد کرا.

شەوی چوارشەممە، ٢٧ی بانەمەڕ، ئەم چالاکە کرێکارییە هاوکات لەگەڵ کۆمەڵێک لە چالاکانی کرێکاریی دیکە بۆ بەرزڕاگرتنی یادی هوومەن عەبدوڵڵاهی لە گیانلەدەستداوانی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی چووبوونە ماڵی باوکی ناوبراو کە هێزە سەرکوتکەرەکان بە بێ بەڵگەی یاسایی و بە هێرشکردنە سەر ماڵی فەرشید عەبدوڵلاهی، لە ڕێگەی توندوتیژییەوە دەسبەسەریان کردن.

ئێقباڵ پیشکاری بە مەبەستی لێپرسینەوە سەرەتا بۆ گرتنگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە ڕاگوێزرا و پاش کۆتاییهاتنی قۆناغەکانی لێپرسینەوە بۆ زیندانی ئەم شارە ڕاگوێزرا.

تاکوو ئێستا لە تۆمەتە وەپاڵدراوەکان دژی ئەم چالاکە کرێکارییە زانیارییەکی ورد لەبەر دەستدا نییە.