مامۆستا لوقمان ئەمینی و مامۆستا ئیبراهیم کەریمی نەنەڵە، بە زیندان، دوورخرانەوە و وەرگرتنی هەمیشەیی جلوبەرگی ئایینی مەحکووم کران

16:22 - 24 جۆزەردان 2723

مامۆستا لوقمان ئەمینی، پێشنوێژی مزگەوتی جامێعی چواریاری نەبیی سنە و مامۆستا ئیبراهیم کەریمی نەنەڵە، پێشنوێژی مزگەوتی گوندی نەنەڵەی سنە، لەلایەن دادگای تایبەتی ڕۆحانییەتی هەمەدانەوە بە ٢٣ ساڵ زیندان، دوورخرانەوە و وەرگرتنەوەی جلوبەرگی ئایینی مەحکووم کران.

بەپێی حوکمی دەرکراو، مامۆستا لوقمان ئەمینی بە ١١ ساڵ زیندانی تەعزیری، دوورخرانەوە بۆ ئەردەبێڵ بۆ ماوەی دوو ساڵ و وەرگرتنەوەی هەمیشەیی جلوبەرگی ئایینی و بێبەریبوون لە وتاری هەینی مەحکووم کراوە و هاوکات مامۆستا ئیبراهیم کەریمی نەنەڵەش بە ١٢ ساڵ زیندانی تەعزیری، دوورخرانەوە بۆ بووشێهر بە ماوەی دوو ساڵ و وەرگرتنەوەی جلوبەرگی ئایینی بۆ هەمیشە و بێبەریبوون لە وتاری هەینی مەحکووم کراوە.

دادگای تایبەتی ڕۆحانییەتی هەمەدان، ئەم دوو مامۆستا ئایینییە کوردەی بە "پڕوپاگەندە دژی نیزام لە بەرژەوەندیی یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزسیۆنی حکوومەتی ئێران،  هەبوونی دەمانچە، هاندانی خەڵک بۆ دروستکردنی بشێوی و ئاڵۆزی و پشتیوانی لە خەڵک و ناڕەزایەتییەکانی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی"، تۆمەتبار کردووە.

ڕۆژی چوارشەممە، ١٧ی جۆزەردان، کۆبوونەوەی پێڕاگەیشتن بە تۆمەتەکانی ئەم دوو مامۆستا ئایینییە کوردە لە دادگای تایبەتی ڕۆحانییەتی هەمەدان بەڕێوە چوو.

ڕۆژی دووشەممە، ١٠ی ڕێبەندانی ١٤٠١، مامۆستا لوقمان ئەمینی و مامۆستا ئیبراهیم کەریمی نەنەڵە بە هۆی پشتیوانیکردن لە بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی، بە بێ بەڵگەی یاسایی لە ڕێگای مەریوان، لە لایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کران و ڕۆژی چوارشەممە، ٣ی ڕەشەمە، بە دانای بارمتە و بە شێوەی کاتی هەتا کۆتاییهاتنی قۆناغەکانی دادڕەسی ئازاد کران.

ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە، پاش دەسبەسەرکرانی مامۆستا ئیبراهیم کەریمی نەنەڵە، بە تۆمارکردن و بڵاوکردنەوەی گرتەی ڤیدیۆیی لەم مامۆستا کوردە، ناوبراوی ناچار بە داوال لێبوردن لە مامۆستایانی سەر بە حکوومەت کرد.