ڕاگواستنی پێدرام موعینی بۆ گرتنگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە

16:16 - 24 جۆزەردان 2723

پێدرام موعینی، خوێندکاری دوکترای کۆمەڵناسیی سیاسیی زانکۆی زانست و لێکۆڵینەوەکانی تاران بە مەبەستی لێپرسینەوە، بۆ گرتنگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە ڕاگوێزرا.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەم خوێندکارە کوردە، ڕۆژی سێشەممە، ٢٣ی جۆزەردان لە پێوەندییەکی تلفۆنیی کورتدا لەگەڵ بنەماڵەکەی، ڕایگەیاندووە کە بۆ گرتنگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە ڕاگوێزراوە.

ڕۆژی یەکشەممە، ٢١ی جۆزەردان، هێزە ئەمنییەتییەکان بە بێ بەڵگەی یاسایی هێرشیان کردووەتە سەر شوێنی کاری پێدرام لە بانە و دەسبەسەریان کردووە.

هێزە ئەمنییەتییەکان پاش پشکنینی شوێنی کارەکەی پێدرام، هەندێ کەلوپەلی کەسیی ناوبراو، لەوانە مۆبایلەکەیان لەگەڵ خۆیان بردووە.

پێدرام موعینی، ڕۆژی ٢ی ڕەزبەری ١٤٠١، لە ڕەوتی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی لە تاران، لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرابوو و بۆ بەندی ٢٠٩ی زیندانی ئێڤین ڕاگوێزرابوو.

ئەم خوێندکارە کوردە پاش ڕاگوێزرانی بۆ بەندی ٢٠٤ی زیندانی ئێڤین، بە دانانی بارمتەی یەک میلیارد تمەنی بە شیوەی کاتی ئازاد کرابوو.

پێدرام موعینی لەلایەن لێپرسی دادسەرای ئێڤینەوە بە "هەوڵدان دژی تەناهیی نەتەوەیی وڵات"، "پڕوپاگەندە دژی نیزام" و "تێکدانی نەزم و ئاسایشی گشتی لە ڕێگەی بەشداری لە ناڕەزایەتییەکان" تۆمەتبار کرابوو.

پێدرام موعینی، تەمەن ٣٨ ساڵ، کوڕی عەزیزوڵڵا و خەڵکی سنەیە.