هاووڵاتییەکی کورد بە مەبەستی جێبەجێکرانی حوکمەکەی بۆ زیندانی بۆکان ڕاگوێزرا

11:46 - 24 جۆزەردان 2723

ڕۆژی دووشەممە، ١٥ی جۆزەردان، مەسعوود دارسەنج، هاووڵاتیی خەڵكی بۆکان بە مەبەستی جێبەجێکرانی حوکمەکەی بۆ زیندانی ئەم شارە ڕاگوێزرا.

ئەم هاووڵاتییە لەلایەن لقی ١٠١ی دادگای کەیفەری ٢ی بۆکانەوە بە تۆمەتی "ئەندامەتی لە یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزسیۆنی حکوومەتی ئێران، بەشداری لە ناڕەزایەتییەکان و ناردنی فیلم و هەواڵ بۆ میدیاکانی دژبەری حکوومەت، دروشمنووسین و بڵاوکردنەوەی تراکت" بە ٣٣ مانگ زیندان مەحکووم کرا و ئەم حوکمە سەرەتاکانی مانگی بانەمەڕ بە شێوەی ڕەسمی پێی ڕاگەیەندرا.

ڕۆژی یەکشەممە، ٢٥ی بەفرانباری ١٤٠١، مەسعوود دارسەنج بە بێ بەڵگەی یاسایی، لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرابوو و بە مەبەستی لێپرسینەوە بۆ یەکێک لە گرتنگە ئەمنییەتییەکانی ورمێ ڕاگوێزرابوو.

ئەم هاووڵاتییە کوردە پاش تەواوبوونی قۆناغەکانی لێپرسینەوە و یەک مانگ دەسبەسەرکرانی کاتی، بە دانانی بارمتەی ٣٥٠ میلیۆن تمەنی بە شێوەی کاتی ئازاد کرابوو.