نیگەرانیی توندی کۆمەڵگەی مەدەنیی سەقز لە دەسپێکردنی شەپۆلی نوێی بانگهێشت و دەسبەسەرکرانەکان لە دوای مانگرتنی گشتیی ٢٣ی جۆزەردان

11:35 - 24 جۆزەردان 2723

دوابەدوای مانگرتنی گشتیی بازاڕیان لە ڕۆژی سێشەممە، ٢٣ی جۆزەردانی ١٤٠٢ و جێگیربوونی بەربڵاوی هێزە ئەمنییەتی-سەرکوتکەرەکان لە شاردا بۆ پێشگرتن لە دەسپێکردنی هەر جۆرە کۆبوونەوەیەک کە یەکێک لە ئاماناجەکانی ڕاگەیەندراوەکانی ئەم ڕۆژانە لە ناڕەزایەتیدەربڕین بە دەسبەسەرکرانی بنەماڵەی گیانلەدەستداوان لە چوونەژوورەوەی شاری سەقز و گۆڕانکاریی ئامانجداری حکوومەتی لە گۆڕستانی ئایچیی سەقز بووە، ئێستا کۆمەڵگەی مەدەنی بەتوندی نیگەرانی دەسپێکردنەوەی شەپۆلی بانگهێشت و دەسبەسەرکران لەم شارەیە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگاداری کوردپا، مانگرتنەکەی ڕۆژی سێشەممەی سەقز زۆر بەربڵاو بووە و حکوومەت چاوەڕێ نەبووە سەرەڕای بوونی دۆخی ئەمنییەتیی تا ئەم ئاستە مانگرتنەکە سەرکەوتوو بێت. هەر بەم هۆکارە لە سەرەتای دەسپێکی مانگرتنەکەوە، هێزە ئەمنییەتی_سەرکوتکەرەکان لە ئاستی شاردا و لە شەقامە سەرەکییەکانی شار کە دەگەنەوە بە شارەداری و وەکوو شوێنی کۆبوونەوەی ناڕەزایەتیی خەڵک دیاری کرابوو، جێگیر کرابوون و هەموو ڕێگاکانیان داخستبوو. ئێستاش کۆمەڵگەی مەدەنیی سەقز نیگەرانە لەوەی کە شەپۆلی نوێی دەسبەسەرکرانەکان و بانگهێشتی چالاکان دوابەدوای ئەم مانگرتنە لە سەقز دەست پێ بکاتەوە.

سەرچاوەی ئاگاداری کوردپا وتی: بەو هۆیە کە سەقز شاری دەسپێکردنی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی لە کوردستان و ئێران بووە و گڵکۆی ژینا_مەهسا ئەمینی وەکوو ڕەمزی ئەم بزووتنەوەیە لە شاری سەقزە، حکوومەتی ئێران بە شێوازێکی زۆر ئەمنییەتیی چاو لە سەقز دەکات و هەر لەم ماوەیەدا، دەیان چالاکی مەدەنی بانگهێشتی ناوەندە ئەمنییەتییەکان کراون و هەڕەشەکان بە دژی ئەوان بەردەوامە.

سەرچاوەکەی کوردپا ئاماژە بەوە دەکات کە یەکێکی دیکە لە جۆرەکانی سەرکوت کە دوابەدوای بزووتنەوەکە دژی خەڵكی سەقز بەڕێوە چووە، گوشاری ئابووری بووە کە تاکوو ئێستا پێشینەی وای نەبووە، بە شێوەیەک کە ئابووریی بازاڕیان و دووکاندارانی سەقز بە تەواوەتی داڕماوە و ماڵیاتەکەیان تا ئاستێک بەرز بووەتەوە کە کاریگەریی لەسەر ئابووریی شارەکەش داناوە و هەن دووکاندارگەلێک کە لە ڕۆژدا هیچ داهاتێکیان نییە. بەم هۆیەوە هەم بازاڕیان و هەم دووکانداران کە لەم سەرکوتە ئاگادارن، پەیوەستی مانگرتنەکە بوون.

سەرچاوەی ئاگاداری کوردپا هەروەها ڕایگەیاند: مانگرتنی ڕۆژی سێشەممەی بازاڕیان و دووکانداران تا پیشنیوەڕۆ ٩٥٪ بوو و پاشنیوەڕۆش بەگشتی سەقز لە مانگرتندا بوو. هەر لە سەرەتاوە هێزە ئەمنییەتییەکان لەوانە، هێزی ئینتیزامی، سپا، لیباس شەخسی و ... هەموو شەقامەکانی گەیشتوو بە مەیدانی هەڵۆ هەتا مەیدانی قودسیان گرت و لە ئاستی شاریشدا بڵاوەیان پێ کرا.

ئەم سەرچاوە ئاگادارە سەبارەت بە گۆڕانگاریی ئامانجداری حکوومەتی لە گۆڕستانی ئایچیی سەقز بە مەبەستی ونکردن و دەسپێڕانەگەیشتن بە مەزاری ژینا_مەهسا ئەمینی دەڵێ؛ مەزاری ژینا لە سووچی ڕێگەی گۆڕستانی ئایچی هەڵکەوتووە، بە جۆرێک کە زۆر دیار و بەرچاوە و حکوومەت چونکە پێی وایە کە کۆنتڕۆڵی مەزاری ژینا لەدەست خەڵکدایە، دەیەوێ بە گۆڕانکاری لە گۆڕستانی ئایچی، کۆنتڕۆڵەکەی بخاتە دەستی خۆیەوە.

سەرچاوەی ئاگاداری کوردپا ڕایگەیاند، بڕیارەکانی شارەداریی سەقز بۆ گۆڕانگاری لە گۆڕستانی ئایچی زۆر جیددییە و حکوومەت دەیەوێ بە دروستکردنی شوێنی پیاسە و هەڵگرتنی کەپری هەموو مەزارەکان و بە کێشانی سیم بە دەوری گۆڕستانەکەدا، بەگشتی گۆڕستانەکە بخاتە ژێر چاوەدێرییەوە تاکوو لە کاتی کۆبوونەوەی خەڵکدا و بە مەبەستی دەسبەسەرکردنیان باشتر بجووڵێتەوە.

ئامادەکردن؛ ئەوین مستەفازادە