ساسان چەمەن‌ئارا بە مەبەستی جێبەجێکرانی حوکمەکەی بانگهێشت کرا

16:58 - 23 جۆزەردان 2723

ساسان چەمەن‌ئارا، هونەرمەندی کوردی خەڵکی ئیلام، بە مەبەستی جێبەجێکرانی حوکمەکەی بانگهێشتی لقی یەکی جێبەجێکاری حوکمەکانی دادسەرای گشتی و ئینقلابی تاران کرا.

ئەم هونەرمەندە پاش پشتڕاستکرانەوەی حوکمەکەی لە دادگای پێداچوونەوەدا، ڕۆژی دووشەممە، ٢٢ی جۆزەردان، بە مەبەستی جێبەجێکرانی حوکمەکەی بانگهێشتنامەیەکی پێ گەیشتووە.

ڕۆژی سێشەممە، ٤ی ڕێبەندانی ١٤٠١، ساسان چەمەن‌ئارا، پاش ١٠٩ ڕۆژ دەسبەسەرکران بە دانانی بارمتەی ٥٠٠ میلیۆن تمەنی، بە شێوەی کاتی هەتا کۆتاییهاتنی پێڕاگەیشتن بە دۆسییەکەی لە داداگای پێداچوونەوەدا، لە زیندانی تارانی گەورە ئازاد کرا.

ئەم هونەرمەندە ٣٣ ساڵەیە، بە تۆمەتەکانی "کۆبوونەوە و تەبانی دژی تەناهیی نەتەوەیی و پڕوپاگەندە دژی نیزام" لەلایەن لقی ٢٩ی دادگای ئینقلابی تارانەوە بە سەرۆکایەتیی دادوەر "سەید عەلی موزڵووم"، بە ٥ ساڵ زیندانی تەعزیری مەحکووم کرابوو.

ساسان چەمەن‌ئارا، لە ماوەی دەسبەسەرکرانیدا لە دەسپێڕاگەیشتن بە پارێزەر بێبەری بووە و تەنیا لە کاتی دادگادا بینیویەتی.

پارێزەری ئەم هونەرمەندە پێش لە کۆبوونەوەی دادگا تەنیا یەک جار مافی دەسپێڕاگەیشتن بە دۆسییەی ساسانی بووە و لە کۆبوونەوەی دادگادا دەرفەتی بەرگری لە ناوبراوی پێ نەدراوە.

ساسان چەمەن‌ئارا، ڕۆژی ١٥ی ڕەزبەری ١٤٠١، بە هۆی بەشداری لە ناڕەزایەتییەکاندا بە بێ بەڵگەی یاسایی لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرا، ناوبراو بۆ ماوەی ٢١ ڕۆژ لە گرتنگەی "یەک ئەلف"ی ئیتلاعاتی سپا و ١٨ ڕۆژیش لە بەندی "٢٠٩ی زیندانی ئێڤین" کە سەر بە وەزارەتی ئیتلاعاتە لە دەسبەسەریدا بووە.

ئەم هونەرمەندە لە ماوەی دەسبەسەرکرانیدا ئەشکەنجە دراوە و لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە بە نەشیاوی هەڵسوکەوتی لەگەڵ کراوە؛ ناوبراو بە نیشانەی ناڕەزایەتیدەربڕین لەمەڕ دۆخی خۆی و دەسپێڕانەگەیشتن بە درمان، مانی لە خواردن گرتبوو.