فەردین ڕوستەم‌نژاد، کۆڵبەری خەڵکی پاوە سەرلەنوێ نەشتەرگەریی بۆ کرا

21:35 - 22 جۆزەردان 2723

فەردین ڕوستەم‌نژاد، کۆڵبەری خەڵکی "شمشێر"، سەر بە شاری پاوە لە نەخۆشخانەی تاڵەقانیی کرماشان، نەشتەرگەریی بۆ کرا.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەم کۆڵبەرە بە هۆی نالەباربوونی دۆخی جەستەیەوە لەژێر چاوەدێری پزیشکدا بووە و چەندین جار لە نەخۆشخانە خەوێندراوە.

ئەم سەرچاوە ئاگادارە ڕایگەیاند: ئەم کۆڵبەرە بەو هۆیەوە کە لە نێوقەدەوە بۆ خوارەوەی لەشی ناتوانێ بجووڵێنێ، تووشی برینی جێگا بووە و لە نەخۆشخانەی تاڵەقانیی کرماشان سەرلەنوێ نەشتەرگەریی بۆ کراوە و پێویستی بە چاوەدێریی تایبەت هەیە.

ئەم سەرچاوە ئاگادارە هەروەها وتی: ئەم کۆڵبەرە بۆ دابینکردنی تێچووی دەرمان پێویستی بە یارمەتیی ماڵی هەیە.

فەردین ڕوستەم‌نژاد، ڕۆژی دووشەممە، ٨ی ڕەشەمەی ١٤٠١، لە کاتی کۆڵبەریدا، سکی بە تەقەی هێزەکانی هەنگی سنووریی "کلەبەر"ی نەوسوود بریندار بوو و دەماری لەدەست دا.

ئەم کۆڵبەرە خێزاندارە و کچێکی ٥ ساڵانی هەیە.